تاقیكردنه‌وه‌كانی سلێمانی له‌شاره‌كانی تری هه‌رێم جیاوازه‌


 ئه‌مڕۆ 9-3-2017 یه‌كه‌م رۆژی تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌م له‌ شاری سلێمانی ده‌ستیپێكرد.

له‌وباره‌یه‌وه‌، مامۆستا كه‌مال نوری به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م رۆژی تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌می قۆناغه‌كانی 4ی بنه‌ڕه‌تی تا 12ی ئاماده‌یی ده‌ستی پێكردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌مساڵ خوێندن له‌ شاری سلێمانی به‌هۆی بایكۆتی مامۆستایانه‌وه‌ دواكه‌وت، ئایا كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر كاتی ته‌واوكردنی پرۆگرامی خوێندن و كاتی تاقیكردنه‌وه‌ له‌چاو شاره‌كانی تر؟ مامۆستا كه‌مال نوری وتی: به‌ڵێ تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌مساڵی سلێمانی جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كانی تری هه‌رێم. به‌وپێیه‌ی ده‌بووایه‌ مانگی یه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌م ده‌ستی پێبكردایه‌، به‌ڵام به‌هۆی بایكۆتی مامۆستایانه‌وه‌ خستمانه‌ 9-3، ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی هه‌لێك بده‌ین به‌ خوێندكاران تا به‌شێك له‌ پرۆگرامی خوێندنه‌كه‌یان بخوێنن.

له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌زاریشه‌وه‌ رایگه‌یاند: تاقیكردنه‌وه‌ی (وه‌زاری) قۆناغه‌كانی 9ی بنه‌ڕه‌تی و 12ی ئاماده‌یی له‌گه‌ڵ شاره‌كانی تری هه‌رێم به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌بێت و به‌هه‌مانشێوه‌ش ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌به‌رخاتری خوێندكاران چه‌ند رۆژێك دواكه‌وتووه‌. به‌وپێیه‌ی ده‌بووایه‌ له‌ كۆتایی مانگی پێنج یان سه‌ره‌تای شه‌ش ده‌ستی پێبكردایه‌، بۆ ئه‌مساڵ رۆژی 14-6 بۆ قۆناغی 9ی بنه‌ڕه‌تی و هه‌روه‌ها 15-6 بۆ 12ی ئاماده‌یی دیاری كراوه‌.

مامۆستا كه‌مال نوری ئاماژەی بەوەش کرد: قۆناغی 1ی بنه‌ڕه‌تی هه‌تا 3ی بنه‌ڕه‌تی تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌رزییان نیه‌، به‌ڵكو ته‌نها تاقیكردنه‌وه‌ی (زاره‌كی)یان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و سێ قۆناغه‌ نمره‌یان بۆ دانانرێت و قۆناغه‌كانی خۆیان تێده‌په‌ڕێنن. به‌تایبه‌ت قۆناغه‌كانی دوو و سێ-ی بنه‌ڕه‌تی. به‌ڵام بۆ قۆناغی یه‌ك ئه‌گه‌ر خێزانێك واته‌ دایك و باوكی منداڵێك بزانن منداڵه‌كه‌یان له‌ئاستی پێویست نیه‌و تا راده‌یه‌ك فێرنه‌بووه‌. ئه‌وا خۆیان ده‌توانن داوا بكه‌ن له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگاكه‌ كه‌ منداڵه‌كه‌یان بهێڵرێته‌وه‌ له‌هه‌مان قۆناغ، واتا بۆ ساڵی دووه‌م له‌ پۆلی یه‌ك بمێننه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا به‌پێی سیستمی ئێمه‌ خوێندكارانی ئه‌و قۆناغانه‌ به‌بێ تاقیكردنه‌وه‌ش ساڵی داهاتوو ده‌چنه‌ قۆناغی دواتر هه‌تا 4ی بنه‌ڕه‌تی. به‌ڵام له‌ 4ی بنه‌ڕه‌تییه‌وه‌ ئه‌و سیستمه‌ نامێنێت و خوێندكاران به‌ هه‌وڵی خۆیان ساڵی خوێندن تێده‌په‌ڕێنن.

PUKmedia