رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان 13.53%ـی تۆمارکردووە

هۆی قەیرانی دارایی، هەزاران هاونیشتمانی لە باشووری کوردستان کارەکانیان لەدەستداوە، رێژەی بێکاریش لە ساڵی 2016 بەراورد بە ساڵی 2014 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 13.53%. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری، بە هاوکاری بانکی جیهانی، کار لەسەر پلانێکی پێنج ساڵی بازاڕی کار دەکات.



هەرێمی کوردستان سێ ساڵی پڕ لە قەیرانی بەڕێکرد. کە قورسترینیان قەیرانی دارایی بوو. قەیرانەکە کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانی هاونیشتمانیان دروستکرد و، هەلی کارکردنی لە دەیان هەزار هاووڵاتی سەندەوە.



بەر لە قەیرانی دارایی، بەدیاریکراوی لە ساڵی 2012ـدا کاتێک دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان باش بوو رێژەی بێکاری 7.9% بوو، بەڵام لە ساڵی 2014 کاتێک بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، رێژەی بێکاری 6.53% بوو.



بەڵام لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانە داراییەکە، رێژەی 50%ـی قازانجەکانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کەمبووەوە، بەو هۆیەوە دەستبەرداری بەشێک لە کارمەندەکانیان بوون و دووریانخستنەوە.



بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان: لەساڵی 2015، نزیکەی 45 هەزار هاونیشتمانی کارەکانیان لەدەستداوە، شەش هەزار کارمەندی حکومیش کارەکانیان جێهێشتووە، بەو هۆیەوە رێژەی بێکاری بۆ 13.53% بەرزبووەتەوە.



ساڵی 2016 حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری، بە هاوکاری بانکی جیهانی، پلانی ستراتیژیی پاراستنی کۆمەڵایەتی پێنج ساڵی راگەیاند. بەشێکی گرنگی پلانەکە بۆ پڕۆگرامەکانی بازاڕی کار تەرخانکراوە، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاونیشتمانیان.   



عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار رایگەیاند “لە وەزارەتی کار شەش سەنتەرمان بۆ راهێنانی پیشەیی و دەستەبەرکردنی کار هەیە. لە ساڵی 2016ـدا لەکۆی یەک هەزار و 67 داواکاری بۆ کار، توانیومانە کار بۆ 536 کەس دەستەبەربکەین”.



رێژەی بێکاری لە ساڵی 2016، بەهەمان رێژەی ساڵی 2015 ماوەتەوە و، ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی لەوەیە لە ساڵی 2017دا، دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان باشتر بێت و، بە دەستپێکردنەوەی پێدانی قەرزی بچووک و، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان کەمببێتەوە.