تادێت رۆڵی خانمان لە سەرجەم سێکتەرە ئابوورییەکان زیاتر دەبێت ، لە بوارەکانی پیشەسازی، ئەندازیاری، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و گەشەکردنی کەرتی تایبەت.
پێشبینیش دەکرێت فراوانبوونی رۆڵی خانمان لە ئابووریدا ببێتە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئابووری نوێ، چونکە خانمان نیوەی بازاڕ پێکدەهێنن و 80%ی بڕیاری کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەدەست خانمانە.
بەپێی ئامارەکان بەشداریی خانمان لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان زۆر لاوازە ، 69%ی خانمانی تەمەنی لاوێتی بێکارن و ساڵانە ژمارەیەکی زۆری قوتابی و خوێندکار زانکۆ و پەیمانگاکان تەواو دەکەن ، بەڵام بەشێکی کەمیان لە کەرتی گشتی و تایبەت دادەمەزرێن.
بەپێی ئامارەکانیش لەساڵی 2012ـدا 10 هەزار خانمی خوێندەواری بێکار لەهەرێمی کوردستاندا هەبووە ، بەڵام لەساڵی 2015دا ژمارەکە بۆ 41 هەزار بەرزدەبێتەوە ئەم ژمارەیەش گوزارشت لە سنوورداربوونی بازاڕی کاردەکات بۆ خانمان.
لێرەدا کۆمەڵەێک کێشە هەیە کە رووبەڕووی خانمان دەبێتەوە لەبازاڕی کاردا، کەمی بە پارەدارکردنی پرۆژەکانی خانمان هۆکارێکە بۆ بوونی کەمترین خانم بە خاوەنکار، بانکەکان بەشێوەیەکی گشتی کەمترین متمانەیان بە خانمانی خاوەنکار هەیە و زیاتر متمانەیان بە پیاوان هەیە لە بەڕێوەبردنی پرۆژەکاندا، لەلایەکی دیکەوە تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ هەندێ کار کە خانمان ئەنجامی دەدەن هۆکارێکی دیکەیە بۆ سنوورداربوونی بەشداریی خانمان لەبازاڕی کاردا.
رۆڵی خانمان لە ئابووری هەرێمی کوردستاندا
خانمان ئەرکێکی قورسیان دەکەوێتە سەرشان لە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئەنجامدانی کاری ماڵەوە و ئەو کارەی کە لەدەرەوە ئەنجامی دەدەن ، زۆرجار نەبوونی هاوسەنگی دەبێتە هۆی ئەوەی خانمان لە نێوان کارکردن لە دەرەوە و کارکردن لە ماڵەوە ، کاری ماڵەوە هەڵبژێرن.
ڕووداو