نرخی هه‌ڵمژینی هه‌وای چیاكانی سویسرا 167 دۆلارە

 
بێگومان هه‌ڵمژینی هه‌وای سازگاری شاخه‌كانی سویسرا شتێكی خۆشه‌، به‌ڵام ئایا كه‌س هه‌یه‌ 167 دۆلار بداته‌ ئه‌وه‌؟

(جۆن گرین) سه‌رمایه‌دارێكی سویسرییه‌‌و به‌م دواییه‌ كۆمپانیایه‌كی دامه‌زراندووه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌‌و باركردنی هه‌وای سازگاری چیاكانی ئه‌لپی سویسرا بۆ هه‌موو جیهان، به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی هه‌وای پاك بۆ ئه‌وانه‌ی پێویستیانه‌.

ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌ڵێنی داوه‌ به‌كڕیاره‌كانی كه‌ هه‌ست به‌ تازه‌ بوونه‌وه‌ و ژیانه‌وه‌ بكه‌ن  كاتێك شووشه‌یه‌ك له‌هه‌وای پاكی چیاكانی سویسرایان ده‌ست ده‌كه‌وێت.

هه‌روه‌ها كۆمپانیاكه‌ له‌پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ و نوسیویه‌تی « ده‌توانیت  سه‌ری شوشه‌ی سارد‌و به‌ستووی هه‌وای سازگاری سویسرا بكه‌یته‌وه‌، یان ڕه‌نگه‌ وه‌ك یادگاری هه‌ڵیبگریت، یان له‌ كاتێكی تردا ئاهه‌نگی پێوه‌ بگێریت».
 
ئه‌و شووشه‌‌و بوتڵانه‌ بڕوانامه‌یه‌كی ئیمزا كراویان له‌گه‌ڵدایه‌ كه‌ تێیدا ناوی ئه‌و شوێنه‌ نووسراوه‌ كه‌ هه‌واكه‌ی لێوه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌‌و له‌ كۆتایشدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ (25%)ی نرخی  هه‌ر بوتڵێك یان شووشه‌یه‌ك كه‌ 167دۆلاره‌ ده‌چێته‌  سه‌ر حسابی كۆمه‌ڵه‌ی خێرخوازیی (World Vision).
 
له‌ڤیدیۆیه‌كیشدا كه‌ ریكلام بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌ ده‌كات هاتووه‌ و ده‌ڵێت» ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێك ده‌ژیت به‌ بۆن و دوكه‌ڵی دیزل پیس بووه‌، ئێمه‌ هه‌وای سازگاری شاخه‌كانتان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ین».
 
هه‌روه‌ها كار به‌ده‌ستانی ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ پێگه‌كه‌ی خۆیاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ڵمژینی هه‌وای سازگاری چیاكانی ئاڵپ به‌ سیحرێكی بێ هاوتا داده‌نرێت و وا له‌ مرۆڤ ده‌كات هه‌ست بكات تازه‌ له‌ دایك بووه‌.