وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێم خەرجیەكانی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەت روندەكاتەوە تاكو ئەو كاتەی بودجەی 2017 ئامادەدەكرێت .
بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی تێیدا هاتووە: تا بودجەی ٢٠١٧ پەسند دەكرێت، تەنیا ٣٥%ی پێشینەی بەردەوامی مانگانە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كارەبا و بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبا لە وەزارەتی كارەبا خەرج دەكرێت .
ئەوەش خراوەتەڕوو: بە ھەمان شێوە ٣٥%ی پێشینەی مانگانە بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شارەكان و قەزا و ناحیەكان خەرج دەكرێت، بە ھەمان شێوەش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاككردنەوەی رێگاو بانیش ئەو بڕە پارەیە لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە خەرج دەكرێت.
هەرچی لەبارەی فڕۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پۆلیس و پۆلیسی ھاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تری وەزارەتی ناوخۆ تێیدا هاتووە: ٥٠%ی پێشینەی مانگانەیان بۆ خەرج دەكرێت .
ئاشكراشی كردووە: تەنیا كرێی ئاو و كارەبا و تەلەفۆنی نۆڕماڵ بەپێی پسوولەی رەسەن لەسەر بودجەی فەرمانگەكان خەرج دەكرێت، لەسەر ھەمان بودجە رێگە دراوە تا ٣٠٠ ھەزار دینار كەلوپەلی پێویست و گرنگ بكڕدرێت.
بەپێی بڕیارەكان، پارەی مانگانەی پاككردنەوە و خواردنی نەخۆشخانە و خواردنی بەندییەكان و خاوێنكردنەوەی شار و شارۆچكەكان و فڕۆكەخانەكان و كرێی ئۆتۆمبێل و خانوو و باڵەخانەكان بەجیا لە پێشینەی مانگانە خەرج دەكرێت، ئەویش بەو مەرجەی لە كاتی پەسندكردنی بودجەی ٢٠١٧ لە لایەن وەزارەت و فەرمانگەكان تەرخانی بۆ دابندرێت .
وەزارەتی دارایی بڕیاریشی داوە: سەرجەم پاداشت و ھاوكارییەكان رادەگیرێت، جگە لە بەخشینی بەردەستی وەزیرەكان نەبێت، چونكە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران رێگەی پێ دراوە.
ئاماژەبەوەش كراوە: بەھۆی زۆریی ژمارەی ئاوارەكان، پارێزگای دھۆك بەدەر كراوە لە ھەندێك شێوەی خەرجییەكان، بۆ نموونە بۆ پێشینەی مانگانە بۆ سووتەمەنی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا و رێگاوبان و شارەوانییەكان لەبری ٣٥% بڕی ٧٥%ی پێشینەی مانگانەیان بۆ خەرج دەكرێت.
هەروەها هاتووە: رێگە نادرێت ھیچ خەرجییەك بكرێت لەسەر داھاتە ناوخۆییەكان، ئەویش بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە پارەی نەختینەیی، تەنیا ھەندێك شوێن نەبێت كە بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بۆیان ھەیە بەشێك لە داھاتەكانیان خەرج بكەن.
لەكۆتایی بڕیارەكانیش ئەوەخراوەتەڕوو: ئەگەر لەدەرەوەی بڕیاری وەزارەتی دارایی و پێشینەی مانگانە ھەندێك گرێبەست بۆ كڕینی كاڵا و كەلوپەل بكرێ، ئەوا وەزارەتی دارایی بەرپرس نابێت لەو بابەتە. نابێت بەبێ رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران ھیچ فەرمانبەرێك ئیفاد بكرێت بۆ دەرەوە، ئەگەر بەم جۆرە كرا ئەوا پارەی بۆ خەرج ناكرێت .