لەپێناوی بوژانەوەی كشتوكاڵو بنیاتنانی ئایندەیەكی باشتر لەسایەی كەرتی كشتوكاڵو پاراستنی ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراك، یەكەمین دیداری سلێمانی بۆ گەشەپێدانی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بە چاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە سلێمانی بەڕێوەچوو. دیدارەكە لەلایەن ئینستتیوتی ئەمریكی-كوردی بۆ توێژینەوەو گەشەپێدانو راوێژكاری ئابووریو بەهاوكاریو هەماهەنگی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان رێكخرا.
رێگرتن لە هەرەسهێنانی كەرتی تایبەت
لەسەرەتای دیدارەكەدا، تارا شوان وتاری سەرۆكی ئینستتیوتی ئەمریكی – كوردی پێشكەش كردو ئاماژەی بەوەكرد، ئەو وڵاتانەی پشت بە تەنیا یەك سەرچاوەی داهات دەبەستن، خاوەن ئابوورییەكی لاوازن. ئەو وڵاتانەشی دەوڵەمەندن بەسامانێكی سروشتی وەكو نەوت، بارودۆخی ئابوورییان نا سەقامگیر دەبێت، ئەویش بەهوی هەڵكشانو داكشانی نرخی نەوتەوە، بۆیە دەبێت گرنگی بە كەرتەكانی تر بدرێت لەوانەش كشتوكاڵو وەبەرهێنانو پیشەسازی.
ئەو وتی: «دەكرێت لەڕێگەی كەرتی كشتوكاڵەوە، هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن داهاتێكی تر، چونكە لەكوردستان ئاو و زەوی بەپیت هەیە، ئەمەش گرنگە بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵو زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ و هەناردەكردنی بۆ دەرەوە.
لای خۆشیەوە سیروان محەمەد سەرۆکی ژووەی بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند کشتوکاڵ یەکێکە لە کەرتە گرنگەکان کەنابێت فەرامۆشبکرێت دەبێت حکومەت بەگرنگەوە لەکەرتی کشتوکاڵ بڕوانێت و پشتیوانی جوتیاران بکات.
ئاماژەی بەوەشدا کوردستان توانای زۆرە بۆ ئەوەی کار لەکەرتی کوشتوکاڵدا بکات و گرنگی زۆری پێبدات وەدەبێت جوتیاران ھاوکاری زیاتریان بکرێت تا گرنگی بە کاری وەبەرھێنانیان بدەن.
ئەولەوییەت بدەین بەكشتوكاڵ
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، كاتی ئەنجامدانی ئەم دیدارە زۆر گرنگەو پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییو قوتی خەڵكەوە هەیە. ئێمە لە حكومەتو لەزۆر بۆنەدا وتومانە كە پێویستە ئەولەوییەت بدەین بەكشتوكاڵ، بەڵام ئامانجەكە نەپێكراوە. هاوكات ئامارو داتاكان لەڕێگەی پێداچوونەوە بە بودجەی ساڵانی رابردوو ئەو راستییە تاڵەمان بۆ دوپات دەكاتەوە، كە كەرتی كشتوكاڵ هێندەی بەهاكەی خۆی گرنگی پێنەدراوە.
پشتیوانی پسپۆڕانی خۆماڵیو بیانی
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیداو دوای ئاماژەكردن بەو كێشەو قەیرانانەی كە لەماوەی رابردوودا رووبەڕووی سێكتەری كشتوكاڵ لەكوردستان بوونەتەوە، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی: «ئێستا دوای وەرگرتنی دەرس لەقەیرانی ئابووریو داراییو پاش تێگەیشتنمان لە مەترسییەكانی خستنی هەموو هێلكەكانمان لە بەرمیلی نەوت، بۆمان روونە كە دەبێت لەمەولا نەك تەنیا بەدروشم، بەڵكو بە فعلی كەرتی كشتوكاڵو ئاو و سەرچاوەكانی ئاو بكەینە ئەولەویەتی كارەكانمان. بۆیە لەدوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارماندا بە دانانی بۆردێكی باڵای كشتوكاڵو سەرچاوكانی ئاو و بڕیاردان لەسەر پێشنیازەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ سەبارەت بە بووژاندنەوەی ئەو كەرتە، بۆئەوەی ئەم بڕیارە تەنیا وەك مرەكەبی سەر كاغەز نەبێت».
وتیشی: «پیویستمان بە پشتیوانی پسپۆڕانی خۆماڵیو بیانیو تێگەیشتنی نوێ هەیە بۆ كەرتی كشتوكاڵ. ئەو سەردەمە بەسەرچوو كە حكومەت بڕیار بدات جووتیار چی بچێنێتو چی بكات. دەمانەوێت هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتەكانی كشتوكاڵو بازرگانیو پیشەسازیو پلاندانانو دەستەی وەبەرهێنان بەهێزتر بكەین، تا بەرهەمی خۆماڵیمان بەپێی ویستو داواكاری بازاڕ بێت، نەك بەپێی میزاجی حكومەت».
پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ
دواتر، عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو باسی لەوەكرد، دەبێت خۆراك بۆخۆمان فەراهەم بكەینو چیتر پشت بەبازاڕەكانی دەرەوە نەبەستین، چونكە ئەوان یاری بەنرخی بەرهەمەكان دەكەن.
وتیشی: «ئاو و هەواو خاكێكی بە پیتمان هەیە، هەروەها دەستی رەنگینو جووتیاری شارەزامان هەیە، ئێمە وەك وەزارەت ئەو ئەركە دەخەینە ئەستۆمان بۆ گەشەپێدانی ئەم كەرتە».
پاشان بابەتەكانی دیدارەكە بە دوو پانێڵ خرانەڕوو. پانێڵی یەكەم تایبەت بوو بە ئاسایشی ئاو، كە هەریەك لە عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ بە بابەتی گشتیو وەڵامدانەوەی پرسیارەكانو د.خالید تەیب مامۆستای كۆلێژی زانستە كشتوكاڵییەكان بە بابەتی سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئاو لەهەرێمو د.دیاری عەلی سەرۆكی بەشی جیۆلۆجی لەزانكۆی سلێمانی بە بابەتی ئاسایشی ئاو و بەڕێوەبردنی سەرچاوەی ئاو، د.رێژین هارون سەرۆكی بەشی كارگێڕی كاری كشتوكاڵیو گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین لەكۆلێژی كشتوكاڵ بە بەهای ئاو بۆ كشتوكاڵ بەشدارییان كرد.
پانێڵی دووەم تایبەت بوو بە ئاسایشی خۆراك. كە هەریەك لە عەبدولستار مەجید بەبابەتی گشتیو وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، د. شەونم زرار بلباس راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران بەبابەتی بارودۆخی ئاسایشی خۆراكو رۆڵی كشتوكاڵ لە دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، خەڵەف ئەحمەد ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لەپەرلەمانی كوردستان بەبابەتی رۆڵی ئاسایشی خۆراك لەدابینكردنی سەقامگیری سیاسی، د.كارزان تۆفیق راگری كۆلێژی زانستە كشتوكاڵییەكان بەبابەتی رووماڵێك بۆ ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەشدارییان كرد.
پەرلەمانتار خەڵەف ئەحمەد رايگەیاند، هەردوو پانێڵەكە گرنگن بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵو دابین كردنی ئاسایشی خۆراك. هیچ میللەتێكو هیچ دەوڵەتێك ناتوانێت ئاسایشی نەتەوەییو سەقامگیری سیاسی بپارێزێتو بڕیاری سیاسی سەربەخۆی خۆی هەبێت، ئەگەر ئاسایشی خۆراكی خۆی دابین نەكات. ئاسایشی خۆراكیش لەناوخۆدا نەبێت دابین ناكرێت، چونكە پشت بەستن بە دەرەوە جگە لەكات كوشتنو خۆ سەرقاڵكردن، هیچی تر نییە.
بە پیشەسازیكردنی خۆراك
كۆی گفتوگۆی هەردوو پانێڵەكە ئاماژەیان بەوەكرد، هۆكاری قەیرانە داراییەكەی ئەمڕۆی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هەرێم تەنیا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێتو هەردوو پانیڵەكەش ئاماژەبوو بە هۆكارو رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی لاوازی یان نەبوونی ئاسایشی خۆراكو ئاو. هەروەك هەندێك لە راسپاردەكانی پانێڵی یەكەم بۆ زیادكردنی ئاو بریتی بوو لە پێكهێنانی وەزارەتێك بۆ ئاو و ئاو وەكو كارتی فشارو كارتی سیاسی بەكاربێت، هاوكات ناوەندی توێژینەوە دروست بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا داتابەیسێك هەبێت تایبەت بە ئاو.
بەشێكی راسپاردەكان بۆ پانێڵی دووەم بۆ ئاسایشی خۆراك بریتی بوو لە زیاد كردنی بڕی خۆراك ئەویش بە ئیدارەدانی ئاو و خاكو بە پیشەسازیكردنی خۆراكە. هەروەك باس لەوەكرا ئاسایشی خۆراك بریتیە لە ئەركی دەوڵەت بۆ دابینكردنی خۆراك بە چەندایەتیو جۆرایەتییەكی باش كە گونجاو بێت لەگەڵ داهاتی تاكدا.
لای خۆیەوە، ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی: «پێموایە ئەم دیدارە زۆر گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە ئێستا جگە لە نەوت بەدیل نییە بۆ داهاتی كوردستان. بۆیە كشتوكاڵ یەكەمین داهاتە لە دوای نەوتو پێویستە گرنگی تەواوی پێبدرێت».
كوردستانى نوێ