كۆمپانیای‌ دی ئێن ئۆ زیاتر له‌ 43 ملیۆن دۆلار له‌ حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رده‌گرێت

 
كۆمپانیای دی ئێن ئۆی  نه‌رویجی بواری  نه‌وت و غاز ئه‌مڕۆ ڕایگه‌یاند، له‌به‌رامبه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاوی كێڵگه‌ی تاوكێ له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2016 دا (43.79) ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه‌.



كۆمپانیاكه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی فه‌رمی خۆی بڵاویكردۆته‌وه‌، بڕی (43.79) ملیۆن دۆلاری  ئه‌مریكی وه‌كو شایسته‌ داراییه‌كانی خۆی له‌به‌رامبه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو كێڵگه‌ی تاوكێ بۆ بازاڕه‌ جیهانییه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه‌.



رونیشیكردۆته‌وه‌، پاره‌كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای گینێل ئینێرجی هاوبه‌شیدا به‌پێی رێكه‌وتنی نێوانیان دابه‌شده‌كرێت.
 
كۆمپانیاكه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌، بڕی 36.73 ملیۆن دۆلاری پاره‌كه‌ بریتیه‌ له‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌ردووكۆمپانیا بری 7.06 ملیۆن دۆلاریشی بریتیه‌ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی شایسته‌ی دارایی پێشووتر كه‌له‌كاتی خۆیدا وه‌رنه‌گیراوه‌. 



به‌رهه‌مهێنانی كێلگه‌ی تاوكێ له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوودا بریتی بووه‌ له‌ 110 هه‌زارو 335 به‌رمیل نه‌وت له‌رۆژێكدا و له‌و بڕه‌ش رۆژانه‌  109 هه‌زارو 546 به‌رمیلی ڕاده‌ستكراوه‌ بۆ هه‌نارده‌كردن له‌رێگای توركیاوه‌.