راگرتنی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی درێژده‌كرێته‌وه‌


تائێستا گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌ستیپێنه‌كردوه‌ته‌وه‌و دانا ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانیش به‌ PUKmedia وت، تا سه‌عات 6 ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 5-3-2017 گه‌شته‌كانمان راگرتووه‌.

چه‌ندین گه‌شت به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌ی دوێنێ به‌یانی له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی روویدا، دواخراون و چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی بارهه‌ڵگریش كه‌ ویستویانه‌ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی بنیشنه‌وه‌، له‌ئێستادا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر نیشتونه‌ته‌وه‌و چاوه‌ڕوانن گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌ستپێبكاته‌وه‌و باره‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ سلێمانی.

به‌یانی دوێنێ 4-3-2017 سه‌عات 4:00ی‌ به‌یانی‌ فڕۆكه‌یه‌كی‌ ئوردونی‌ له‌كاتی‌ نیشتنه‌وه‌یدا له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ شه‌ش مه‌تر له‌ رێڕه‌وی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ لایداوه‌و پاشان توانرا به‌بێ زیانی گیانی فڕۆكه‌كه‌ بنیشێته‌وه‌، له‌دوێنێشه‌وه‌ تائێستا سه‌رجه‌م گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی راگیراون و تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ش كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی دیارنیه‌.