لیژنەی شارەزایانی دارایی كە لیژنەیەكی حكوومییە، داهاتەكانی نەوت و خەرجییەكانی حكوومەتی عێراق لەمیانی شەش مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦، ئاشكرا كرد و ئاماژە بەوەش دەكات كە راپۆرتی وەزارەتەكانیش لەمیانی ئەم مانگەدا بڵاو دەكاتەوە.
سەرۆكی لیژنەكە، عەبدولباست توركی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتی (KPMG) رەشنووسی راپۆرتی كۆمپانیاكەیان لەبارەی داتای داراییەكان بۆ شەش مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦ تاتوێ كرد كە كۆمپانیاكە بەم نزیكانە بڵاوی دەكاتەوە ئەوش بەشت بەستن بەو گرێبەستە كە لەگەڵیدا واژوو كراوە.
عەبدولباست توركی ئاماژەی بەوە داوە بەپێی داتاكان دەركەوتووە كە داهاتی نەوت لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦، گەیشتووەتە، ١٧ ملیارو ٩٢ میلۆن و ٢٩٦ هەزار دۆلار و خەرجییەكانی حكوومەتیش گەیشتووەتە، ١٧ ملیارو ٤٣٤ ملیۆن و ٩٣٣ هەزار دۆلار بەوەش خەرجییەكانی حكوومەت بەبەراورد لەگەڵ داهاتەكانی نەوت زیاتر بووە.
سەرۆكی لیژنەی شارەزایانی دارایی عێراق ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا، راپۆرتی وەرزی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ وەرزی چوارەم لە ساڵی ٢٠١٦ لەسەر بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی دانانی كەرەستەی پێوانە و پێوەر لە بواری پیشەسازی نەوت تاتوێ كرا كە رێژەی جێبەجێكردنەكە لە بواری هەناردەی نەوت گەیشتووەتە سەد لەسەد.
عەبدولباست توركی دووپاتی كردووەتەوە كە پێشبینی دەكرێت كۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتی لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا، وردبینی هەشت وەزارەت تەواو بكات و وەزارەتەكانی دیكە و پێنج لە پارێزگاكان لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەر لە كۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵدا تەواو بكات.
لیژنەی شارەزایانی دارایی عێراق بەپشت بەستن بەبڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دامەزراوە و لە بەرواری ٢٠٠٧/٤/١ دەستی بەكارەكانی كردووە بۆ ئەوەی ببێتە لیژنەیەكی سەرپەرشتیاری جێگرەوە بۆ ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ راوێژ و چاودێریكردن كە لە ئێستادا سەرپەرشتی چۆنیەتی خەرج کردنی داهاتی گشتی عێراق دەكات كە لە داهات و بەرهەمە نەوتییەكان بەدەست دهێنرێن و دەچێتە هەژماری بانكی فیدراڵ لە نیۆیۆرك.