نرخی بەنزین لە عیراق گرانترینه‌

 
سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ عیراق وڵاتێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ نه‌وت و سامانی سروشتی، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیی‌ به‌رهه‌مێنی‌ نه‌وت، نرخی بەنزین گرانترینە.

به‌پێی‌ داتایەکی فەرمی، عیراق له‌سه‌ر ئاستی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌رهه‌مهێنی‌ نه‌وت، به‌ گرانترین نرخ هاوڵاتیانی‌ به‌نزینی‌ باشیان ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ نرخه‌كه‌ی‌ له‌ زۆر كاتدا (62) سه‌نته، سعودیه‌ش هه‌رزانترین وڵاتی‌ عه‌ره‌بیه‌ و نرخی‌ به‌نزینی‌ موحه‌سه‌ن بۆ هاوڵاتیه‌كانی‌ به‌ (24) سه‌نت دابین ده‌كات. 

هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌و داتایه‌ عیراق له‌سه‌ر ئاستی‌ وڵاتانی‌ به‌رهه‌مهێنی‌ نه‌وت، به‌ پێنجه‌م وڵات دێت له‌ نرخی‌ به‌نزینی‌ ئاساییدا (نۆرماڵ) كه نرخەکەی‌ (35) سه‌نته، سعودیه‌ش هه‌رزانترینه‌ به‌ (20) سه‌نت و ئیماراتیش به‌ گرانترین دێت که‌ (50) سه‌نتە بۆ هەر لیترێک بەنزینی ئاسایی. 

له‌ نرخی‌ گازیشدا عیراق چواره‌م وڵاتی‌ عه‌ره‌بیی‌ به‌رهه‌مهێنی‌ نه‌وته‌ له‌ گرانی‌ نرخه‌كه‌یدا کە یەک لیتری بە‌ (31) سه‌نتە، سعودیه‌ش هه‌رزانترینه‌ به‌ (12) سه‌نت و ئیماراتیش گرانترینه‌ به‌ (54) سه‌نت. 

هاوكات سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ جیهاندا ڤه‌نزوێلا به‌ هه‌زرانترین نرخ به‌نزین بۆ هاوڵاتیه‌كانی‌ دابین ده‌كات، هۆنگ كۆنگیش گرانترین ناوچه‌یه‌ له‌ جیهاندا كه‌ نرخی‌ یەک لیتر به‌نزین دۆلارێك و (93) سه‌نته‌.