راپۆرتێكی ئەمریكی: لەماوەی چوار ساڵدا عیراق بەبڕی 74 ملیار دۆلار زیانی لێكەوتووە

 
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی چاودێری دارایی واشنتن، لەماوەی دە ساڵی رابردوودا وڵاتە تازە پێگەیشتووەكان لەبوونی گەندەڵی دارایی‌و راكردن لە باج، 6 ترلیۆن دۆلار زیانیان بەركەوتووە‌و چین‌و عیراقیش لەڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەن كە زیانێكی زۆریان كردووە. لەبەشێكی راپۆرتەكەی رێكخراوی چاودێری دارایی واشنتندا كە تایبەتە بە عیراق ئاماری زیانەكانی ساڵانی (2007-2011) ئاشكراكراوە، بەڵام رێكخراوەكە نەیتوانیوە ئاماری زیانەكانی ساڵانی (2000-2007) بەدەست بهێنێت. بەپێی راپۆرتەكەش لەساڵی 2007 دا بڕی 4 ملیار دۆلار‌و لە 2008 دا بڕی 20 ملیار دۆلار بەڕێگای نایاسایی چۆتە دەرەوەی عیراق. هەروەك لەساڵی 2009 دا قەبارەی زیانەكان 18 ملیار دۆلار‌و لەساڵی 2010 شدا گەیشتۆتە 22 ملیار دۆلار، بەوپێیەش كۆی زیانەكانی عیراق تەنها لەماوەی 4 ساڵدا 74 ملیار دۆلار بووە. هەر بەپێی راپۆرتەكەی رێكخراوی چاودێری دارایی واشنتن، بەهۆی بوونی گەندەڵی لەسیستمی دارایی‌و راكردن لە باج،  چین لەساڵانی (2000-2011) نزیكەی 2 ترلیۆن‌و  740 ملیار دۆلار زیانی كردووە،  جگە لەوەش لەساڵی 2011 دا بەڕێگای نایاسایی 602 ملیار دۆلار لەسنوری چین چۆتە دەرەوە، بەمەش كۆی زیانەكانی چین گەیشتۆتە 3 ترلیۆن‌و  790 ملیار دۆلار. راپۆرتەكە تەئكیدیشی كردۆتەوە كەبەهۆی بوونی گەندەڵی لەبەڕێوەبردندان وڵاتانی دواكەوتوو بەردەوام دەبن لەسەر زیانە ئابووریەكانیان، ئەمەش لەكاتێكدایە كە  وڵاتە پێشكەوتووەكان بەردەوام دەبن لەسەر گەشەسەندنی ئابوری.