داواده‌كرێت ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر پاڵاوگه‌ی بازیاندا


قه‌یرانی نه‌وتی سپی له‌سلێمانی درێژه‌ی هه‌یه‌و سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی ئه‌و پارێزگایه‌ش پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر پاڵاوگه‌ی بازیان بخرێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی پارێزگاو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، كێشه‌كه‌ كۆتایی دیت.

د. غالب محه‌مه‌د؛ سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، رایگه‌یاند: ”تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی نه‌وتی سپی ماڵان بریتیه‌ له‌وه‌ی پاڵاوگه‌ی بازیان بخرێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی پارێزگاو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی”.

روونیشیكرده‌وه‌: وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی سپی به‌ نرخی (90) هه‌زار دینار ده‌فرۆشێته‌ بازرگانه‌كان، به‌ڵام ئێمه‌ داوامانكردووه‌ به‌ نرخی (70) هه‌زار دینار بیفرۆشێته‌ هاوڵاتیان.

به‌ وته‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ فرۆشتنی نه‌وتی سپی به‌ (90) هه‌زار دینار به‌ بازرگانه‌كان، مانگانه‌ كه‌متر له‌ (20) ملیۆن دۆلار قازانج ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ نرخی (70) هه‌زار دینار بیداته‌ هاوڵاتیان، مانگانه‌ زیاتر له‌ (100) ملیۆن دۆلار قازانج ده‌كات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت نه‌وتی سپی به‌ هه‌رزانتر بفرۆشرێته‌ هاووڵاتیان، خه‌ڵكی كه‌متر كاره‌با به‌كارده‌هێنن و محاویله‌كانی كاره‌باش كه‌متر تێكده‌چن و به‌مه‌ش بڕێكی زۆر پاره‌ به‌ ناڕاسته‌وخۆ بۆ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.