زانیاری نوێ له‌باره‌ی تاپۆكردنی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان

وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی هه‌رێم مژده‌ ده‌داته‌ جوتیاران كه‌ زه‌وییه‌كانیان تاپۆ ده‌كرێت و به‌وه‌ش پڕۆژه‌ی خاوه‌ندارێتی موڵكداری چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ژماریه‌كی زۆر له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان تاپۆیان نیه‌و ته‌نها گرێبه‌ست یان به‌شایه‌تی چه‌ند كه‌سێك كڕدراون، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، وه‌زیری كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و زه‌ویانه‌ تاپۆ ده‌كه‌ین و كێشه‌ی موڵكداری ناهێلًَین.
عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌  PUKmediaی رایگه‌یاند: كه‌ ئه‌و زه‌ویانه‌ی تاكو ئێستا تاپۆ نه‌كراون، ئه‌وه‌ له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كانیان تاپۆ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ش پرۆژه‌یه‌كی ته‌واوكاری و گه‌وره‌یه‌و به‌نیازین ده‌ستپێبكه‌ین، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو له‌م رۆژانه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ بۆردی باڵای ئابوری و نێچیرڤان بارزانی و  قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كۆبوینه‌وه‌، بڕیاردرا ئه‌م پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌ركردنی خاوه‌ندارێتی موڵكداری بچێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.
 سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ  پرۆژه‌كه‌ش وه‌زیری كشتوكاڵ وتی: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بودجه‌یه‌كی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی  ده‌ستپێبكه‌ین كه‌ نزیكه‌ی 10 ملیۆن دۆلاره‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا  بڕیاریاندا كه‌ ئه‌م 10 ملیۆن دۆلاره‌ ته‌رخان بكرێت، ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگیه‌كی باشمان كردوه‌ له‌گه‌ڵ  زانكۆی ریجسته‌ری به‌ریتانی و لانده‌ر ریجسته‌ری له‌نده‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان بێن و هاوكارمان بن بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌.
سه‌باره‌ت به‌ میكانیزمی جێبه‌جێكردنه‌كه‌شی عه‌بدولستار مه‌جید وتی: میكانیزمی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پرۆژه‌یه‌كی ته‌واوكارییه‌ له‌ یه‌ك كاتدا رێكخستنه‌وه‌و تاپۆكردنه‌، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ تواناو كاتێكی باشه‌
وتیشی: لێره‌وه‌ مژده‌ ده‌ده‌مه‌ جوتیاران كه‌ زه‌وییه‌كانیان بۆ تاپۆ ده‌كرێت، چونكه‌ بڕیاره‌كه‌ دراوه‌و ته‌نها ئه‌وه‌ی ماوه‌ بكرێته‌ بڕیارێكی ره‌سمی و ئێمه‌ش ده‌ستپێده‌كه‌ین.