قوباد تاڵەبانی: دەبێت سەرچاوەی داهات فراوانتر بكەین

 

جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: چاكسازی لە هەموو سێكتەرەكان دەكەین و ساڵی ٢٠١٧مان ناو ناوە ساڵی رێكخستنەوە، دەرئەنجامەكەشی دەبینن.

ئەمڕۆ 2017/3/2 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەشداریكرد لە
یەكەم  دیداری سلێمانی بۆ گەشەپێدانی كشتوكاڵ لەژێر ناونیشنانی (ئاسایشی خۆراك و ئاو)، بەئامادەبوونی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی و ژمارەیەك لە وەبەرهێنەران.

لەوتارەكەیدا جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەگرنگی بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵداو وتی: ئێمە لەحكومەت، لەزۆر بۆنەی‌ تردا وتومانە كە دەبێت گرنگیدان بەكشتوكاڵ لەڕیزی‌ پێشینەو ئەولەویەتی‌ كارەكانمان بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو ئامانجە نەپێكراوە.

وتیشی: ئامارو داتاكان لەڕێی‌ پێداچوونەوە بەبودجەی‌ ساڵانی‌ رابردوو ئەو راستیە تاڵەمان بۆ دوپات دەكاتەوە كە كەرتی‌ كشتوكاڵ بەقەد بەهاكەی‌ خۆی‌ گرنگی‌ پێنەدراوە.

جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەشدا كە دوای‌ وەرگرتنی‌ دەرس لە قەیرانی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌‌ و پاش تێگەیشتنمان لەمەترسیەكانی خستنی هەموو هێلكەكانمان لە سەبەتەو بەرمیلی نەوت، بۆمان روون بووەتەوە كە دەبێت لەمەولا، نەك تەنیا بە دروشم، بەڵكو بەفعلی، كەرتی كشتوكاڵ بكەینەوە بە ئەولەویەتمان.

سەبارەت بە چاكسازیەكانی
حكومەت  وتی: وەك چۆن چاكسازیمان لە وەزارەتی دارای و ئابووری، لە وەزارەتی كارەبا، لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئەنجامدا، لە ئێستاوە دەست دەكەین بەچاكسازی و رێكخستنەوە لە كەرتی كشتوكاڵیش. ئێمە ساڵی ٢٠١٧مان ناو ناوە “ساڵی رێكخستنەوە”، دەرئەنجامەكەشی دەبینن.”

 

دەقی وتاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران:

ئامادەبوانی بەڕێز

سڵاوتان لێبێت‌ و خۆشحاڵم لێرە لەگرێدانی‌ (یەكەم دیداری سلێمانی تایبەت بەگەشەپێدانی كشتوكاڵ) كۆدەبینەوە.

كات‌و ساتی‌ كۆنفرانسەكە‌و تاوتوێكردنی‌ بابەتێكی‌ ئاوها گرنگ كە پەیوەندی‌ بەئاسایشی‌ نەتەوەیی‌‌و قوتی‌ هاوڵاتیانەوە هەیە، زۆر گرنگە.

ئێمە لەحكومەت، لەزۆر بۆنەی‌ تردا وتومانە كە دەبێت گرنگیدان بەكشتوكاڵ لەریزی‌ پێشینەو ئەولەویەتی‌ كارەكانمان بێت،

 بەڵام بەداخەوە ئەو ئامانجە نەپێكراوە، ئەم قسەیەشم بۆ رەخنەگرتن نییە لەهیچ یەكێك لەوەزیرە بەڕێزەكانی‌ كشتوكاڵ.

ئامارو داتاكان لەرێی‌ پێداچوونەوە بە بودجەی‌ ساڵانی‌ رابردوو ئەو راستیە تاڵەمان بۆ دوپات دەكاتەوە كە كەرتی‌ كشتوكاڵ بەقەد بەهاكەی‌ خۆی‌ گرنگی‌ پێنەدراوە، دڵنیام هەمووشتان ئەزانن ئەمە هۆكاری‌ خۆی‌ هەبووە.

دوو رووداو لە سێ‌ دەیەی‌ رابردوودا بوونە مایەی‌ ماڵوێرانی‌ گەورە بۆ كەرتی‌ كشتوكاڵ لەهەرێمی‌ كوردستان،

یەكەمیان پرۆسەی‌ بەدناوی‌ ئەنفال و راگواستنی‌ گوندەكان بوو كە زەبری‌ گەورەیدا لەبڕبڕەی‌ پشتی‌ كشتوكاڵ، دووەمیشیان بڕیاری‌ نەوت بەرامبەر بەخۆراكی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان بووە كە بەتەواوی‌ بەروبوومی‌ ناوخۆی‌ تووشی‌ داڕمان كرد. چونكە یەكەمیان لەپاڵ رۆحی‌ بێگەردی‌ هاوڵاتیانی‌ بێ تاوان ئامانجی‌ خنكاندنی‌ كوردستان بوو،  دووەمیشیان لەبری‌ خێر، بەزەرەر بەسەر جوتیاری‌ كورددا شكایەوەو لەبری‌ ئەوەی‌ بەرهەمەكەی‌ ساغ بكرێتەوە، لەئوستورالیاوە گەنم دەهێنراو بەعێراق دەفرۆشرا.

لەپاڵ ئەمانەشدا دەبێت دان بەوەدا بنێین بڕیارە نا مەدروسەكانی‌ خۆمان لەبری‌ هەستاندنەوەی‌ ئەو كەرتە زەبرێكی‌ تریان لێداو لەدوای‌ روخاندنی‌ رژێمی‌
بەعسەوە  هاتین، جووتیارو شوان و گاوانمان نەهێشت لە كوردستان، هەموویانمان دامەزراند لە كەرتی ئەمنی و سەربازی ‌و كەرتە خزمەتگوزارییەكانی‌ تر لە كوردستان.

گەشەپێدانی شارو شارۆچكەكانی كوردستانیش، و ئەو راكە راكەیەی كۆمپانیاكانمان بۆ پەیداكردنی پارەی زۆرو بەپەلەو ئەنجامدانی پرۆژەی بیناسازی و گرنگیدان بەكەرتەكانی تری وەك كەرتی نەوت – هەموویان بوونە هۆكاری لاوازتركردنی كەرتی كشتوكاڵمان.

ئێستا دوای‌ وەرگرتنی‌ دەرس لە قەیرانی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌‌و پاش تێگەیشتنمان لە مەترسیەكانی خستنی هەموو هێلكەكانمان لە سەبەتەو بەرمیلی نەوت، بۆمان روون بووەتەوە كە دەبێت لەمەولا، نەك تەنیا بە دروشم، بەڵكو بەفعلی، كەرتی كشتوكاڵ بكەینەوە بە ئەولەویەتمان.

هەر بۆیە، لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانمان، بڕیارماندا بەدانانی بۆردێكی باڵای كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ بڕیاردان لەسەر پێشنیارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ سەبارەت بە وبوژاندنەوەی ئەو كەرتە.

بۆ ئەوەی‌ ئەم بڕیارە تەنیا وەك مەرەكەبی‌ سەر كاغەز نەمێنێتەوە، پێویستمان بە پشتیونانی پسپۆڕانی خۆماڵی و بیانی و تێگەیشتی‌ نوێ‌ هەیە بۆ كشتوكاڵ، تێگەیشتن‌و دنیا بینییەك كە دەبێتە مایەی بەهێزكردنەوەی كەرتی كشتوكاڵ‌و بەستنەوەی جووتیارەكانمان و بەروبوومیان بە بازار،  ئەویش پێش هەموو شت پێویستی بەگۆڕینی رۆڵی حكومەت لە گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ.

ئەو سەردەمە بەسەر چوو، ئێمە وەكو حكومەت بڕیار بدەین جووتیارەكانی كوردستان چ بڕوێنن، چ بچێنن و كەی؟. ئێمە بڕیارمانداوە سوود لە پسپۆڕان وەر بگرین بۆ دۆزینەوەی رێگا بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەپرسی خاوەنداریەتی زەوی كشتوكاڵی.

هەماهەنگی بەهێزتر دەكەین لە نێوان وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی، و دەستەی وەبەرهێنان، تاكو بەرهەمی خۆماڵیمان بەپێی ویست و داواكاری بازاڕ بێت. نەك بە پێی میزاجی حكومەت بێت.

وەك چۆن چاكسازیمان لە وەزارەتی دارای و ئابووری، لە وەزارەتی كارەبا، لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئەنجامدا، وەك چۆن پرۆسەی تۆماری بایۆمێتری‌‌و شەفافتركردنی كەرتی نەوت و گاز‌ لەڕێی وردبینی لەم كەرتەمان هێنایە ئاراوە، لە ئێستاوە دەست دەكەین بە چاكسازی و رێكخستنەوە لە كەرتی كشتوكاڵیش.ئێمە ساڵی ٢٠١٧مان ناو ناوە “ساڵی رێكخستنەوە”، دەرئەنجامەكەشی دەبینن.

بەردەوام دەبین لەپاراستنی بەروبومی خۆماڵی بەردەوام دەبین لە رووبەرووبوونەوەی دیاردەی زێدەڕەوەی، چ لەسەر زەوی كشتوكاڵ، چ لەسەر زەوی دەوڵەت بە گشتی.پشتیوان دەبین لە بەپیشەسازیكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی.

دەزانین كە ئەم هەموو كارانە بە تەنیا بە ئێمە لە ناو حكوومەت ناكرێت، بۆیە پلان دەدۆزینەوە بۆ كردنەوەی رێگا بۆ كاری هاوبەش لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە بواری كشتوكاڵ.

قۆرخكاری لە عەلوەكان ناهێڵین، و هاوكاری جووتیارانی كوردستان دەبین بۆ گەیاندنی بەروبوومیان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ بازار، چ لە رێگای زیادكردنی مۆڵەتی عەلوەكان، چ لە رێگاپێدان بەكردنەوەی هەفتەبازاڕی زیاتر كە لەوڵاتانی تر بە ماركێتی جووتیاران ناسراوە.

ئـەولەویەتمانە هەلی كار زیاد بكەین، و هیچ كەرتێك بەقەدەر كەرتی كشتوكاڵ ناتوانێت هەلی كارمان بۆ زیاد بكات. من دڵنیام كە ئەم كارانەمان ئەنجام دەدەین. دڵنیام لەبەر ئەوەی ئیرادەمان هەیە.

دڵنیام لەبەر ئەوەی بۆمان روونە كە دەبێت سەرچاوەی داهاتی هەرێم فراوان تر بكەین و پشت نەبەستین تەنها بە داهاتی نەوت، دڵنیام لەبەر ئـەوەی كە ئـەزانم كە جووتیاری زۆر شارەزاو نموونەییمان هەیە. دڵنیاشم، چونكە خۆشبەختانە وەزیرێكمان هەیە، برای بەرێزو خۆشەویستمان، مامۆستا عەبدوالستار مەجیدە، كە ئازایە لە كار كردن، دڵسۆزە بۆ كەرتەكە، ماندونەناس و پیاوی دەوڵەتە.  دەستخۆشی لێ دەكەم، دەستخۆشی لە ستافی وەزارەتەكەی دەكەم.

لەكۆتاییدا سوپاسی رێكخەرانی ئەم دیدارە دەكەم “پەیمانگای ئەمریكی – كوردی بۆ توێژینەوەو گەشەپێدان و اوێژی ئابووری” لەگەڵ یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان- سلێمانی، دڵخۆش دەبین بەسەركەوتنتان، چونكەن سەركەوتنیان دەبێتە مایە سەركەوتنی حكوومەتەكەتان كە بە دڵنیاییەوە دەبێتە سەركەوتن بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە گشتی و جووتیارە ئازیز و تێكۆشەرەكانمان

هەر شاد و سەربەرز و سەركەوتوو بن. 

6.jpg