وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد: بەمەبەستی زیادكردنی ئاستی یەدەگی نەوت و غاز، داوایان لە كۆمپانیاكانی نەوت كردووە، لە سنورە ئاویەكانی عیراقدا بەدوای نەوتو غازدا بگەڕێن.
جەبار لعێبی وەزیری نەوت عێراق دووپاتیكردەوە: لەپێناو بەهێزكردنی پێگەی ئابووری وڵاتەكەی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، رێنمای داوەتە كۆمپانیاكانی نەوت كە لە ئاوە هەرێمییەكانی عێراقدا، پرۆسەی كنەو پشكنین بۆ دیاریكردنی بڕی ماددەی هایدرۆكاربۆن ئەنجام بدەن.
لێدوانەكەی جەبار لعێبی، لە كاتێكدایە كە وەزارەتی نەوتی عێراق هەفتەی رابردوو ئاشكرایكرد: یەدەگی نەوت لە 143 ملیار بەرمیلەوە بۆ 153 ملیار بەرمیل زیادیكردوە.
عیراق لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهاوكاری كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووەو بەدووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی رێكخراوی ئۆپێك دادەنرێت.