سلێمانی.. بازاڕی نانی خۆماڵی گەرمە


نزیكەی 150 ژن و پیاو لە كارگەیەكی تایبەت بەدروستكردنی نان و بەرهەمەكانی تری هەویر لە شاری سلێمانی بەردەوام سەرقاڵی دروستكردن و فرۆشتنی نانی تیری و هەورامی و بەرهەمە كوردەوارییەكانی ترن كە لە هەویر دروست دەكرێن، ئەو بەرهەمانەش زیاتر بەلای هاووڵاتییانەوە جێگەی رەزامەندییە و رۆژانە ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی شارەكە بەتایبەت بەتەمەنەكان روو لەو كارگەیە دەكەن بۆ كڕینی ئەو خواردنە كوردەوارییانەی كە یادەوەری و مێژوویان لەگەڵیدا هەیە. 
 
كارگەی نانی تیری خەجێ‌ خانم ماوەی چەند ساڵێكە لە شاری سلێمانی و شارەكانی تری هەرێم ناوبانگی هەیە. لە شاری سلێمانی ژمارەیەكی زۆر شوێنی دروستكردنی نان كە لە شارەكەدا بەنانەوا ناسراوە هەیە و لە بازاڕ و هەموو گەڕەكەكانی شارەكەدا چەندین نانەوا بوونیان هەیە، بەڵام خەجێ‌ خانم لەو نانەوایانەی تر جیاوازی هەیە و چەندین جۆری نان دروست دەكات كە كۆن دروستكراون و ئێستا ئەو جۆرە نان و كارانە بەرەو لەناوچوون دەچن.

سەردەمی كۆن و نوێ‌ گۆڕانكاری زۆریان بەسەردا هاتووە و خەڵك لە كۆن و نوێدا لە هەموو بوارەكاندا جیاوازتر دەژین. لە هەرێمی كوردستاندا ئەوانەی تەمەنێكی ژیانیان بەڕێكردووە زیاتر فێری ئەو نان و خواردنە كوردەوارییانەن كە كاتی خۆی بەدەستی خانمەكانیان كراوە و چێژێكی زیاتری بەوان بەخشیووە، بۆیە ئێستاش زیاتر بەدوای ئەو خواردنانەدا دەگەڕێن.

بەڵام لە ئێستادا بەهۆی سەرقاڵی ژنان و پیاوانەوە كە زۆرینەیان كارمەندن و رۆژانە كاتێكی زۆری رۆژەكە لە دەرەوە بەسەردەبەن، بۆیە بۆ ئامادەكردنی ژەمی خۆراكی رۆژانەیان پەنا بۆ خواردنە خێراكان و نانی بازاڕ دەبەن و بواری ئەوەیان نییە بۆ خۆیان ئەو جۆرە نانانە دروست بكەن كە لە كۆندا ژنان بۆخۆیان لە ماڵەوە دروستیان كردووە.

كارگەی نانی خەجێ‌ خانم لە سەرەتای ساڵی 2010 لە شاری سلێمانی دامەزراوە و سەرەتا تەنها چوار كارمەند لەو كارگەیە كاریان كردووە، بەڵام بەهۆی سەركەوتنی كارەكە و داخوازی زۆر لەسەر بەرهەمەكانیان لە ئێستادا دوو لقیان كردۆتەوە و نزیكەی 150 هەلی كاری دابین كردووە كە زۆربەیان ژنانن.

ژنەكان كە شارەزای دروستكردنی نانی تیری (بەتیرۆك پان دەكرێتەوە و لەسەر ساج دەبرژێنرێت) و نانی هەورامی (بەدەست پان دەكرێتەوە و لەسەر ساج دەبرژێنرێت و زیاتر هەورامییەكان ئەو جۆرە نانە دەكەن) و جۆرەكانی تری كاری هەویر لە خواردنە كوردەوارییەكان لە ناوشكێنە، كەلانە، ناوساجی، نانی جۆ، شلكێنە، حەڵوا، لێواشە و چەندین جۆری تری خواردنە كوردەوارییەكان دەكەن.

سەرپەرشتیارێكی كارگەكە شاهۆ لەتیف دەڵێت “بەشێوەیەكی گشتی خەڵك لە بەرهەمەكانمان رازین، بەهۆی ئەوەی لە نان و خوارنەكانمان سۆدە و مادەی حەوافز بەكارناهێنین رۆژانە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان سەردانمان دەكەن و بەرهەمەكان دەكڕن، بەشێكی زۆریشیان ئەو هاووڵاتییانەن كە یادەوەری و مێژوویەكیان هەیە لەگەڵ ئەو نان و خواردنان و لە ئێستادا ناتوانن بۆ خۆیان دروستیان بكەن”.

ئەو ئاماژە بەوەش دەكات، بەرهەمەكانیان جگە لەناو شاری سلێمانی و دەورووبەری بۆ شارەكانی تری كەركووك و هەولێر دەنێردرێن، بەرنامەشیان هەیە لە داهاتوودا ئەو بەرهەمانە بگەیەننە شارەكانی تری ناوەڕاست و خواروی عێراق و وڵاتانی دەرەوەش.