سەرۆكی حكومەتی هەرێم گرنگی بە بازرگانی دەدات لە سنورەكاندا

بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری ساز کرا کە تیایدا چەند پرۆژەیەک لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵی و گەشتیاریدا خرایە بەر باس و گفتوگۆ. 
 
 
لە کۆبوونەوەکەدا دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە نزیک خاڵەکانی دەروازە سنووریەکان بە ناوی شاری پیشەسازیەوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا و سیستەمێک بۆ دروستکردنی دەستەیەک بە ناوی دەستەی بەڕێوەبردنی شارە پیشەسازییەکان پەسەند کرا کە سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەبێت، بەڵام سەربەخۆیی بەڕێوەبردن و دارایی دەبێت و ئامادەکاری بۆ بنیاتنان و دروستکردنی شارە پیشەسازییەکان دەکات، ھەروەھا بڕیار لە سەر دابینکردنی بو‌دجەی تایبەت بە بەڕێوەبردنی شارە پیشەسازییەکان درا.
بۆ گرنگیدانی زیاتریش بە بواری پیشەسازی، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری دووپاتی کردەوە کە پێویستە گرنگی بە خوێندنی پیشەیی بدرێت و دەبێ ئەمە ببێتە ستراتیژ و بەرنامەی حکوومەت بۆ ئەوەی پێداویستیەکانی ھەرێمی کوردستان لەم بوارەدا پڕ بکاتەوە و پشت بە شارەزایی و پسپۆڕی و دەستی کاری ناوخۆیی ببەسترێت. ھەروەھا بۆ بینینی ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتان لە بواری بنیاتنان و بەڕێوەبردنی شارە پیشەسازییەکاندا، بڕیار درا شاندێکی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری بارزگانی و پیشەسازی و بە بەشداریی پارێزگارەکانی ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندارەکان، سەردانی شاری پیشەسازی لە شاری بۆرسای تورکیا بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە ڕەوشی پەلەوەر و پڕۆژە پەلەوەرییەکان لە ھەرێمی کوردستان کرا و ڕاپۆرتێک دەربارەی چۆنیەتیی پشتگیریکردنی کەرتی پەلەوەر و پێشخستنی بە جۆرێک کە بگاتە ئاستی خۆبژێوی لە ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی گۆشتی مریشک و ھێلکە بە پێی پێداویستیی ھاووڵاتیان و پشتگیری بۆ سەربڕخانەکان بۆ دابینکردنی گۆشت بە شێوازێکی پاک و تەندروست، خرایە ڕوو.
ئەنجامدانی پرۆژەی گەشتیاری لە ھەرێمی کورستان لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری بوو کە تیایدا باس لە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک کرا و لەمبارەیەوە داکۆکی لە سەر پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ پرۆژە گەشتیاریەکان کرایەوە لەپێناو ھاندانی زیاتری وەبەرھێنی بیانی و خۆماڵی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی گەشتیاری. بۆ ئەمەش نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە دەبێ پشتگیری و ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەران لە بواری گەشتیاریدا بکرێت تا ببێتە ھاندەرێک بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاریی گەورە بە پێی ستاندارتە نێودەوڵەتیەکان.
چۆنیەتیی چالاک و فراونترکردنی جوولەی بارزگانی لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری بوو، لەمبارەیەشەوە نێچیرڤان بارزانی جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دەبێ ھەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بکرێت بۆ ئەوەی گەورەترین جوولەی بازرگانی و ناردن و ھاوردەکردنی کاڵاکان بکەوێتە خاڵە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و بۆ ئەمەش پارێزگار و لایەنە پەیوەندارەکانی ڕاسپارد کە ئەوپەڕی ئاسانکاری و پێشکەش بکەن و تا بکرێت ڕاییکردنی کارەکان ئاسان بکرێت و بە ڕێکارەکاندا بچنەوە، بۆ ئەوەی ببێتە ‌ھاندەرێک بۆ زیادکردنی ڕێژەی جوولەی بازرگانی لە خاڵە سنووریەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.