ڕێگای باشماخ- سلێمانی ده‌کرێته‌ دووساید


شارام مه‌لێکی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕیگاوبانی پارێزگای کوردستان، پاش ئاماژه‌دان به‌وه‌یکه‌ باشماخ، سێهه‌مین ڕێگای گواستنه‌وه‌ی فه‌رمی ئێرانه‌ و هاتوچۆ له‌م سنووره‌دا زۆره‌، وتی: دائیره‌ی گشتی ڕیگاوبان، دائیره‌ی گشتی پاراستنی ڕیگاکان و گواستنه‌وه‌یی جاده‌یی و هه‌روه‌ها پارێزگاریی شوێنگری دابینکردنی ژێرخانه‌کان و بودجه‌ی پێویست بۆ ستانداردکردن و دووسایده‌کردنی ڕێگای گواستنه‌وه‌ی باشماخ- سلێمانین و یه‌ک له‌ به‌رنامه‌کانی ئه‌وانه‌ له‌ساڵی داهاتوودا.

مه‌لێکی پاش ئاماژه‌دان به‌وه‌ی که‌ ساڵانه‌ دوو ملوێن ته‌ن کاڵا له‌سنووری باشماخ- سلێمانییه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ دەکرێت، ڕایگەیاند: ئه‌م ڕێگایه‌ پێگه‌ و جێگه‌یه‌کی گرنگی له‌ئێراندا هه‌یه‌ و هیوادارین بودجه‌یه‌کی گونجاوی بۆ ته‌رخان بکرێت.

ناوبراو پاش ئاماژه‌دان به‌وه‌ی که‌ کوردستان 178 کیلۆمه‌تر شاڕێگا، 281 کیلۆمه‌تر ڕیگای سه‌ره‌کی و 1 هه‌زار و 360 کیلۆمه‌تر ڕیگای ناسه‌ره‌کی هه‌یه‌، وتی:  ئه‌م پارێزگا به‌پێی پارێزگاکانی دیکه‌ی ئێران له‌بواری ڕیگاوبانه‌وه‌ دواکه‌وتووه‌ و ئاستێکی نزمی هه‌یه‌. بۆ گه‌یشتن به‌ ستاندارده‌کان ده‌بێ 540 ملیار تمه‌ن ته‌رخان بکرێت و 180 کیلۆمه‌تر شاڕێگای نوێ ساز بکرێن.
 
 مه‌لێکی وتیشی: بۆ گه‌یشتن به‌ ستاندارده‌کانی ئێران ده‌بێ 350 کیلۆمه‌تر ڕێگای سه‌ره‌کی له‌ پارێزگادا دروست بکرێن.

ناوبراو هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بەوەشدا لەو پڕۆژانه‌ی که‌ له‌ ڕۆژئاوای ئێراندا خه‌ریکی به‌ڕیوه‌چوونن ، له‌کۆی 320 کیلۆمه‌تر تا ئێستا 110 کیلۆمه‌تر کۆتایی هاتووه‌ و 70 کیلۆمه‌تریش لەقۆناغی جێبه‌جێکردندایە. .