بەرهەمی میوەی ساڵی رابردووی عیراق 280 هەزار تۆن بووە


دەزگای ئاماری ناوەندی عیراق ئاشكرایكردوە، بەرهەمی میوەی ساڵی رابردوو 280 هەزار تۆن بووەو میوەی هەناریش لەپلەی یەكەمی بەرهەمەكانی میوەدا هاتووە. 

بەگوێرەی راپۆرتێكی دەزگای ئاماری ناوەندی سەر بەوەزارەتی پلاندانی عیراق، كۆی بەرهەمی میوەی ساڵی 2016 لەسەرجەم پارێزگانی وڵاتدا جگە لەهەرێمی كوردستان و پارێزگای سەلاحەدین، گەیشتوەتەوە 279 هەزارو 400 تۆن و بەروارد بەساڵی پێشتر كە 271 هەزار تۆن بووە بەرێژەی لەسەدا 2 پۆینت 7 زیادیكردوە. 

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، میوەی هەنار لەرووی بڕی بەرهەمهێنانەوە لەپلەی یەكەمدا هاتووەوە ساڵی رابردوو زیاترلە 101 هەزار تۆنی لێ‌ بەرهەم هاتوەو  بەراورد بەساڵی 2015ش بەڕێژەی لەسەدا 36 ئەو بەرهەمە زیادیكردوە. هەروەها میوەی ترێ-ش لەپلەی دووەمدا هاتووەو ساڵی رابردوو  94 هەزار تۆنی بەرهەمی هەبووەو دوای ئەویش سێو بە بەرهەمهێنانی 44 هەزار تۆن لەپلەی سێیەمدا هاتووە.