سلێمانی‌: به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ به‌ده‌یان زه‌ره‌نگه‌ر مایه‌پوچبون


سه‌رۆكی‌ بازاڕی‌ زه‌ره‌نگه‌رانی‌ سلێمانی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ به‌ده‌یان زه‌ره‌نگه‌ر مایه‌پوچبون و ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ردانیان ده‌كه‌ن له‌بری‌ كڕینی‌ زێر لێیان، ئاڵتونه‌كانیان ده‌فرۆشن، ئەوە سەرباری ئەوەی حكومه‌ت به‌رێژه‌ی‌ له‌ (100%) باجی‌ له‌سه‌ریان زیادكردوه‌.

قەیرانی دارایی لە هەرێم هەمو جومگەکانی گرتوەتەوە و زەرەنگەرانی هەرێمیش بێبەش نەبون لە پریشکی ئەو قەیرانە، بەوتەی بەشێک لە زەرەنگەرانی شاری سلێمانی، كاریگه‌ریه‌كانی‌ قه‌یرانی‌ دارایی له‌سه‌ر بازاڕی‌ زێر زۆر زیاتره‌، چونكه‌ ئه‌و هاوڵاتییانەی کە سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ زێر بكرن، زێرەكانی‌ ماڵیان ده‌فرۆشن.

بەوتەی، دلێر تاهیر محه‌مه‌د، سه‌رۆكی‌ بازاڕی‌ زه‌ره‌نگه‌رانی‌ سلێمانی‌ و ده‌وروبه‌ری‌، به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییەوە به‌ده‌یان زه‌ره‌نگه‌ر مایه‌پوچبون.

ئاماژەی بەوەشکرد،  یەکێکی دیکە لە گرفتەکان ئەوەیە حكومه‌ت به‌رێژه‌ی‌ له‌ (100%) باجی‌ له‌سه‌ریان زیادكردوه‌ و ئەوەش کاریگەری زۆری لەسەر زەرەنگەرەکان دروست کردوە. 

بەوتەی شارەزایانی ئابوریش، ئەو چاره‌كه‌ موچه‌ی‌ حكومه‌ت به‌جۆرێك خشته‌ی‌ كاری‌ ژیان‌ و بژێوی‌ هاوڵاتیانی‌ تێكداوه‌، كه‌ هه‌رچی‌ رێگه‌یه‌ك ده‌گرنه‌ به‌ر ناتوانن به‌ر به‌و كێشانه‌ بگرن كه‌بۆته‌ تێكدانی‌ ته‌ونی‌ کۆمەڵایەتی و دروستبونی‌ سه‌دان كێشه‌ی‌ خێزانی‌.