دەسەڵاتدارانی میسر نرخی پێدانی ڤیزا بە گەشتیاری بیانی زیاد دەکات و لە هەفتەی داهاتوشەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس لە زاری بەرپرسانی میسرەوە بڵاویکردەوە، نرخی پێدانی ڤیزا بە گەشتیارانی بیانی زیاد دەکەن، بەجۆرێک پێشتر نرخی پێدانی ڤیزا (25) دۆلار بوە، بەڵام لە هەفتەی داهاتوەوە نرخەکەی بۆ (60) دۆلار زیاد دەکات و هەروەها (70) دۆلار بۆ ڤیزای چونە ژورەوەی زیاد لە جارێک.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارەکە لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و وەزارەتی دەرەوەش بە ئاگاداری نامە، ئاگاداری سەرجەم بانک و کۆمپانیا گەشتییارییەکانی کردوەتەوە.
زیادکردنی نرخی ڤیزای میسر لەکاتێکدایە، کەرتی گەشتیاری ئەو وڵاتە بەرەو بوژانەوە دەچێت و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن.