رێژەی هاوردەكردنی خواردن و پێداویستیەكان بۆ مانگی ئازاری داهاتوو لەسلێمانی دیاری كرا و بەڕەچاوگرتنی خواستی هاووڵاتیان و بەروبومی ناوخۆیی گۆڕانكاری لە بڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیەكاندا دەكرێت كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵ و پهلهوهری له پارێزگای سلێمانیدا كۆبۆوە و پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی و خواستی هاووڵاتیان لەم وەرزەدا بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی هێنانە ناوەوەی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە لە وڵاتانی دەوروبەرەوە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.
پاش هەڵسەنگاندن بۆ بەروبومی ناخۆیی بڕیاردرا بۆ مانگی داهاتوو هاوردەكردنی بەربوومەكان بەم شێوەیە بێت (هاوردەكردنی 1000 تۆن گۆشتی مریشكی بەستوو بەپێی یاسا و رێنماییە كارپێكراوەكان و پێشنیار كرا بۆ هەر كلیۆیەك كۆشتی مریشكی بەستو كە هەناردە دەكرێت بڕی (350) دینار باجی بخرێتە سەر ئەمەش بۆ گرنگیدان بەبەرهەمی پەلەوەری ناوخۆ، هەروەها هاوردەكردنی 800 تۆن گۆشتی ماسی و پێشنیاریش كرا بەهۆی زۆری خواست لەسەری باج لەسەر هاوردەكردنی ماسی نەهێڵدێت، بڕیاریشدرا بۆ مانگی داهاتوو رێگە بەهاوردەكردنی 1000 تۆن گۆشتی سورو ، (720) تۆن هێلكەی مریشك بدرێت, سەبارەت بە هاتنەناوەی ئاژەڵ بۆ ناوخۆی هەرێم بڕیاردرا بۆ مانگی داهاتوو رێگە بەهاوردەكردنی (7000) سەر ئاژەڵ بدرێت .
هەر ئەمڕۆ ئاوات محەمەد لەگەڵ لیژنەی رێكخستنی سەوزەو میوە كۆبۆوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و بەرهەمە هاوردە كراوەكان كراو بڕیاردا بۆ پاڵپشتی لە جوتیاران بایەخی زیاتر بۆ بەروبومی ناوخۆی بدرێت, لەو چوارچێوەیەشدا پێشنیار كرا دەرفەت لە بەردەم جوتیاران و خاوەن پرۆژەكاندا بڕەخسێندرێت بۆ زیادكردنی خانووە پلاستیكییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆی لە سەوزەو میوە بەجۆرێك كە پێداویستیەكانی ناوخۆ پڕبكاتەوە.
هەروەها بەهۆی زۆری خواست لەسەری بایەخی زیاتر بە بەرهەمهێنانی قارچكی خۆماڵی بدرێت و پاڵپشتی زیاتر پێشكەش بەخاوەن پڕۆژەكانی ئەم بوارە بدرێت، رێگریش لە فرۆشتنی ئەو قارچكە هەڵڕژاوانە بكرێت كە لە بازاڕدا بەپێچەوانەی مەرجە تەندروستیەكانەوە دەفرۆشرێت.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بڕە پارەیە(عمولە) كرا كە لە عەلوەی سلێمانی لە جوتیاران وەردەگیرێت و دووبارە لە بەرژەوەندی جوتیاران و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆی رێكبخرێتەوە .