ئاستی‌ ئاوی‌ بەنداوی‌ دەربەندیخان کەمی‌ کردووە



رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، رایگەیاند: بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ رێژەی باران بارین و ئاستی ئاوی دەربەندیخان كەمی كردووە، دەشڵێت: بەنداوی داریان لە وڵاتی ئێران كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بەنداوی دەربەندیخان.





بەنداوی دەربەندیخان دەكەوێتە سەر رووباری سیروان و بۆ گلدانەوەی ئاو و بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاردێت، بەرزییەكەی ١٢٨ مەترە و درێژییەكەشی ٥٣٥ مەترە و پانییەكەی لە بنەوە ٥٠٠ مەترە و لە سەرەوە ١٧ مەترە، توانای گلدانەوەی ٣ ملیار مەترسێجا ئاوی هەیە.



بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، راگەیاند:” لەماوەی ئەمساڵدا، ٢٩٠ بۆ ٣٠٠ مللم باران باریوە، ئەوەش لەچاو ساڵانی رابردوو رێژەیەكی كەمە و وای كردووە لە سەرچاوەكانەوە بڕێكی كەم ئاو روبكاتە بەنداوی دەربەندیخانەوە”.



ناوبراو وتیشی: “ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان ٥ مەتر و ٧٠ سم ، ئەوەش لەچاو ساڵی پار كەمترە و ١٣ مەتر ئاوی ماوە بۆ ئەوەی بەنداوەكە پڕ ببێت.



بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئەوەش دەڵێت “بەنداوی دەربەندیخان كە پڕبێت پێویستی بە ٢ ملیار و ٦٠٠ مەترسێجا ئاو هەیە. لە ئێستاشدا تەنها یەك ملیار و نیو ئاوی تێدایە واتە ئەوەی ماوە چاوەرێی سێ مانگی داهاتوو دەكەین كە بەهۆی باران بارین رێژەكە بەرزبێتەوە تاوەكو بڕی ئاوی زیاتر كۆبكەینەوە”.