كەنەدا پەنابەری زیاتر وەردەگرێت

وەزیری كۆچی كەنەدا ئاشكرایدەكات، وڵاتەكەی لەمساڵدا ژمارەیەكی تری پەنابەری ئێزدی وەردەگرێت، كە لەلایەن داعشەوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە بوونەتەوە. 

ئەحمەد حەسەن، وەزیری كۆچی كەنەدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: 400 ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش پێشتر گەیشتونەتە كەنەدا‌و بەوانەشەوە هەزار‌و 200 ئێزدی مافی پەنابەریەتییان لەكەنەدا پێدەدرێت.

وەزیری كۆچی كەنەدا وتیشی: داعش كچانی ئێزدی كردە ئامانج، بۆیە سەرنجی حكومەتی كەنەدا بە پلەی یەكەم لەسەر ژنان ‌و كچە ئێزدییەكانە.

وتەكانی وەزیری كۆچی كەنەدا لە كاتێكدایە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیاریدا لەماوەی چوار مانگدا پێشوازی لەو ئێزدییانە بكرێت كە لەدەستی داعش ڕزگاریان بووە.