ئەمڕۆ 22-2-2017 سێ خانمی دەستڕەنگینی نابینا لە هۆڵی پێشەوای شاری سلێمانی پێشانگایەكیان بۆ كارە دەستیەكانی خۆیان كردەوە، راشیدەگەیەنن كە نابیناكانیش دەتوانن بە تواناكانی خۆیان ببنە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیان.
نابینایان خاوەن توانایەكی تایبەت بە خۆیانن، بە تێڕامان لە كارەكانیان دەردەكەوەێت كەئەوانیش دەتوانن كاری ناوازەو سەرنج ڕاكێش ئەنجام بدەن، ئەمرۆش سێ نابینا پێشانگایەكی دوو رۆژیان بۆ كارەكانیان كردەوە، سەبارەت بە پێشانگاكەش هاوبەش نعمان سەرۆكی یەكێتی نابینایانی كوردستان بەپیو کەی میدیایی ڕاگەیاند: یەكێتی نابینایانی كوردستان لەم رۆژەدا هەستا بە كردنەوەی پێشانگایەك بۆ دوو خانمی نابیناو خانمێكی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەروەها پێشانگاكە بە هاوكاری مەریوان تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری شارەزوور، ئاڤان خانیش لێپرسراوی HDO سپۆنسەری كردوە، وتیشی بە نزیكەی 300 كاڵەی دەستی لە پێشانگاكەدا نمایشكراوە كە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، لە كۆتایشدا وتی كارەكان بۆ فرۆشتن و وەك داهاتێك بۆ خۆیان دەگەرێتەوە. داهاتەكەشی بۆ خۆیان دەبێت.
سەبریە حەمە نوری نابینایەكی دەست ڕەنگینەو پێشانگایەكی بۆ كارە دەستیەكانی كردۆتەوە، وتی: بە نزیكەی 150 پارچە بەشداریم كردوە كە بۆ ماوەی ساڵێك كارم تێدا كردون، ئەمەش دووەمین پێشانگای كارەكانمە.
دێكان یاسین خانمێكی دەستڕەنگینی ترەو پێشانگایەكی بۆ كارەكانی كردۆتەوە، دێكان سەبارەت بە كارەكانی وتی: ماوەی 2 مانگە كارم تێدا كردون لەو ماوەیەشدا 80 كاری جیاوازم كردوە، وتیشی هەرچەندە نابینام، بەڵام هەمووی بە دەستی خۆم ئەنجامم داوە، بۆیە هەركەس حەزو خولیای تایبەت بە خۆی هەیە ، نابیناكانیش گەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت دەتوانن وەك هەر كەسێكی ئاسایی بە ئامانجەكانیان بگەن، سەبارەت بەوەی تا چەند پێشوازی لە كارەكانیان كراوە، دێكان وتی: هەرچەندە قەیرانی داراییی لە هەرێمدا بوونی هەیە، بەڵام سوپاس بۆ خوا تا ڕادەیەكی باش پێشوازی لە كارەكانمان كراوە و بڕێكی باشیان لێفرۆشراوە.
=