بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاند: حکومەتی هەرێم ٢ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار و حکومەتی ناوەندیش بودجەیەکی تایبەتی بۆ هەرسێ بەنداوی دوکان و دەربەندیخانو دهۆک تەرخان کردوە و لەماوەیەکی نزیکیشدا لەشێوەی تەندەرێکی ئاشکرادا ڕادەگەیەنرێت.
ئەکرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ ڕونیشیکردۆتەوە : لە هەرێمی كوردستاندا ١٥ بەنداو هەیە، كە سێی دانەیان لە سەردەمی حكومەتی عێراقدا دروستكراون و ئەوانی دیكەش دوای راپەڕین دروستكراون، سەرجەمیشیان توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە.
ئەکرەم ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكردووە: هەرچەندە مەترسی هەرەسهێنان لەسەر بەنداوەكانی كوردستان بوونی نیە، بەڵام پێویستییان بەدەستكاری هەیە، چونكە تەمەنی بەنداوی دوكان و دەربەندیخان نیو سەدەی تێپەڕاندوە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو: لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەنداوی دوکان توانای گلدانەوەی ٦ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوی دەربەندیخانیش توانی گلدانەوەی ٣ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و بەنداوی ئاوەسپیش لە گەرمیان ١٢١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئاوی هەیە، بەنداوی هەراویش توانای گلدانەوەی ١٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداری لەکەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخاندا وتی ”دروستکردنی پرۆژەکانی ئێران کاریگەریەکی زۆری هەیە و لە داهاتووداشدا مەترسی دروست بوونی کارەساتی لێدەکرێت چونکە ١٢ پرۆژەی بەنداو و چوار وێستگەی کارەبا و دوو تونێلی لەسەر واتا ئەگەر تەواوی ئەو پرۆژانە بکەونە کار لەسەدا ٧٠% ئاوەکەی کەم دەکات و مەترسی لەسەر بەنداوی دەربەندیخان دروست دەکات.
ئەکرەم ئەحمەد رونیشیکردۆتەوە: بەهۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژەکانمان پەکیان کەوتووە لەئێستادا پێوستە بەنداوی نوێ دروست بکەین بۆ ئەوەی بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ سودی لێ ببینین ئێمەش بەردەوام کاری بۆ دەکەین و لەگەڵ حکومەتی هەرێم لێک تێگەیشتنمان لەو بارەوە هەیە.