عێراق زیاتر لە 100 ملیار دۆلار قەرزارە

تادێت قەرزەکانی عێراق زیاتر دەبێت و بەشێکیش لە ئابووریناسان هۆشداریی دەدەن کە قەرزەکانی عێراق 100 ملیار دۆلاری تێپەراندووە.



بەهۆی زۆربوونی خەرجییە سەربازییەکانی عێراق لە شەڕی داعشدا و کەمبوونەوەی داهاتی عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆری رژێمی پێشووی عێراق لەسەر حکومەتی ئێستا، تادێت عێراق قەرزی زیاتر دەکات و بەمشێوەیەش نەک تەنها بڕی قەرزەکان زیاد دەکەن بەڵکو رێژەی سوودی سەر قەرزەکانیش بەرز دەبنەوە.



پێشتر لێکۆڵەری گشتی ئەمریکی بۆ کاروباری بونیاتنانەوەی عێراق رایگەیاندبوو کە لەسەردەمی مالکیدا6.6 ملیار دۆلاری عێراق بەهەدەرچووەو عێراق هیچ سوودێکی لە سندووقی گەشەپێدان نەبینیوە بۆ بونیاتنانەوەی ئابوورییەکەی.



لەساڵی 2004دا عێراق رێککەوتننامەی یانەی پاریسی واژۆکرد، بەمشێوەیەش عێراق100 ملیار دۆلار لە قەرزەکانی بەخشرا، بەڵام لەدوای ساڵی 2014ەوە بڕی قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق لە 10 ملیار دۆلارەوە بۆ 46 ملیار دۆلار زیادیکرد کە دەکاتە 45% -ی کۆی قەرزەکانی عێراق.



مەترسیدارترین قەرزەکانی عێراقیش قەرزی وڵاتانی کەنداوە کە 41 ملیار دۆلارە و ئەم قەرزە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.


بەهۆی ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە لەساڵی 2003 تا 2014 ، هەرێمی کوردستان 40 ملیار دۆلاری لە قەرزەکانی عێراق بەردەکەوێت.