بەپێی رووپێوێكی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەك ملیۆن و 241 هەزار و 417 كەس، كە تەمەنیان گونجاوە بۆ كاركردن، كارناكەن و بەدوای كاریشدا ناگەڕێن. ئەو ژمارەیەش دەكاتە 22.3%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئامارەكە ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15- 64 ساڵدایە و بە “هێزی كار” ناودەبرێن، ژمارەیان یەك ملیۆن و 382 هەزار و 285 كەسە، لەوانە یەك ملیۆن و 195 هەزار و 263 هەزار كەسیان كار دەكەن. هەروەها 187 هەزار و 22 كەسیان بێكارن، بەڵام ئارەزووی كار دەكەن و بەدوایدا دەگەڕێن.
هەر بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندان، رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان 13.5%ە، ئەوانەشی لە چوارچێوەی بازاڕی كاردان و كاردەكەن رێژەی 52%یان لە كەرتی گشتیدان كە ژمارەیان 627 هەزار و 501 كەسە.
لە هەرێمی كوردستان هێزی كار و كەسانی ناكارا، هاوتان، 1.3 ملیۆن كەس كار دەكەن یان دەیانەوێت كار بكەن و بەشوێنیدا دەگەڕێن، بەڵام 1.2 ملیۆن كەس كار ناكەن و بەشوێن كاریشدا ناگەڕێن.
زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی پلاندانان، لەبارەی ئەو ژمارەیەی كە كار ناكەن و بەدوای كاریشدا ناگەڕێن،رایگەیاند :”زۆربەی ئەو كەسانەی دەكەونە ئەو خانەیەوە ئافرەتن، یان كەسانێكن پێویستیان بەكار نییە”.
هۆكاری ئەوەی زۆربەی ئەو ژمارەیە ئافرەتن، بەپێی قسەكانی زاگرۆس فەتاح، بەشێكی لایەنی كۆمەڵایەتییە كە بەربەستە لەبەردەم كاركردنی ئافرەتاندا لەهەرێمی كوردستان، بەشێكی دیكەشی ژینگەی كاركردنە لەهەرێمی كوردستان كە بۆ ئافرەتان گونجار نییە.