وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی عیراق ئاشكرایكردوە: بڕیاری قەدەغەكردنی هێنانی چیمەنتۆ، ساڵانە نزیكەی 600 ملیۆن دۆلاری بۆ ناوخۆی وڵات گەڕاندۆتەوە.
عەبدولواحد شەمەری وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی عیراق دووپاتی دەكاتەوە: وەزارەتەكەیان توانیویەتی كارگەكانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە پارێزگاكانی كەركوك و كەربەلاو موسەناو بەسرە لە كارگەیەكی زەرەرمەندەوە بۆ بەرهەمهێن و پڕ داهات بگۆڕێت، جگەلەوەش چەندین گرێبەستی هاوبەشیان لەگەڵ كەرتی تایبەت ئیمزاكردوە بۆ خستنەوەگەڕی كارگەكان.
وتیشی: پشتگیریكردنی كەرتی پیشەسازی چیمەنتۆ لەلایەن حكومەتەوە بۆتە واقیعێكی بەرجەستەكراو، لەماوەی رابردووشدا دەوڵەت لەرێگەی بڕیاری رێگریكردن لە هاوردەكرنی چیمەنتۆی بیانیەوە توانیویەتی ساڵانە نزیكەی 600 ملیۆن دۆلار داهات بۆ ناوخۆی وڵات بگەڕێنێتەوە، هاوكات قەبارەی فرۆشتنی كارگەكانی ناوخۆش بەرێژەی لەسەدا 40 بەرزبكاتەوە.