عیراق: ژمارەی كارمەندانی كەرتی تایبەت 8 ملیۆنی تێپەراندووە


دەستەی گشتی خانەنشینی عیراق ئاشكرای دەكات: ژمارەی كارمەندانی كەرتی تایبەت 8 ملیۆنی تێپەڕاندوەو پێویستە بەپێی یاسا مافەكانیان دەستبەر بكرێت.

ئەحمەد ساعدی سەرۆكی دەستەی گشتی خانەنشینی عیراق رایگەیاندوە: بەپێی ئەو داتایەنەی لەچەند سەرچاوەیەكی رەسمیەوە دەستیان كەوتووە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن 8 ملیۆنی تێپەڕاندوەو داواش دەكات كە بەگوێرەی یاسا مافەكانیان دیاری بكرێت.

وتیشی: هەمواری یاسای خانەنشینی لەئێستادا ئامادەكراوەو دراوەتە پەرلەمانی عیراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات، بەپێی پڕۆژەیاساكەش كارمەندانی كەرتی تایبەت هاوشێوەی كەرتی گشتی خانەنشین دەكرێن.
 
جگە لەوەش لە پڕۆژە یاساكەدا هاتوو، كە خزمەتكردن لە كەرتی حكومی و تایبەت وەك یەك ئەژمار دەكرێت، بۆیە پێویستە لەسەر كارمەندانی كەرتی تایبەت كە لەهەر جێگایەكدا كار دەكەن ئاگاداری ماف و ئەركەكانیان بن.