30 هەزار مووچەخۆری هەرێمی كوردستان دوورخرانەوە


جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات: بەهۆی سیستمی بایۆمەترییەوە، 30 هەزار فەرمانبەری نایاسایی ئاشكراكراون و دورخراونەتەوە .
 
دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەنادۆڵ باسی چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و بە هەنگاوی گرنگ بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەرێم وەسفی دەكات. پێیوایە “ئەگەر ئەو چاكسازییە نەبێت حكومەتی هەرێم ناتوانێت روبەڕوی ئەو قەیرانانە بێتەوە، چونكە لە ئێستادا 82%ی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران دەچێت”.
 
وتویەتیشی: “سیستەمی بایۆمەتری كە یەكێكە لە هەنگاوەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێم، تا ئێستا ناوی 30 هەزار فەرمانبەری نایاسایی لەو سیستەمەدا تۆماركراون و لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە، لە نێویاندا هەزار و 600 كەس هەن كە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی بەنایاسایی خانەنشینكرابوون.
 
ئەوەشی خستۆتەڕوو: هەندێك كەس موچەیان بە پلەی وەزیر وەرگرتووە تەنانەت یەك رۆژیش وەزیر نەبووە لە كابینەكانی حكومەتدا، دەیان كەس و نموونەی دیكەیش لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە، ئەم سیستەمی بایۆمەترییە دوو موچەیی و سێ موچەیی بنبڕكردووە، بەڵام فەرمانبەرانی بندیواری بنبڕنەكردووە.
 
پەرلەمانتارەكە دەشڵێت: بۆ نەهێشتنی موچەخۆرانی بندیواریش پێویستە حكومەتی هەرێم بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێداچوونەوەیەكی تەواو بەو موچەخۆرانەدا بكەن كە پێیان دەوترێت “بندیوار”، چونكە ئەمە كێشەیەكی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە”.