قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان كە نزیكەی سێ ساڵە درێژەی هەیە، تەواوی جومگەو سێكتەرە گرنگەكانی كوردستانی سست كردووە، بەتایبەت لە بواری پەروەردەو فێركردندا، كە بەوتەی بەڕێوەبەرێكی پەروەردە، لەكاتێكدا ساڵ بەساڵ ژمارەی خوێندكاران لە زیادبووندایە، بەڵام ماوەی چوار ساڵە نەتوانراوە هیچ بینایەكی نوێی خوێندن لەسنووری پەروەردەكەیان دروست بكرێت.
قەیرانی داراییو پڕۆسەی خوێندن
سەبارەت بەكاریگەری قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان لەسەر پڕۆسەی خوێندنو كاروباری پەروەردەكان، كەمال نوری غەریب بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی دەڵێ: «بەراورد بە سەرجەم سێكتەرەكانی دیكە، قەیرانی دارایی كوردستان بە قورسی كاریگەریی لەسەر پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن بەجێهێشتووە، بەتایبەت لەڕووەكانی: دروستكردنی بینای خوێندنگەكان، لەكاتێكدا ساڵ بەساڵ ژمارەی خوێندكاران لەزیادبووندایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستەوە، ماوەی نزیكەی چوار ساڵە نەتوانراوە بینای نوێ بۆ خوێندنگەكان دروست بكرێت. هەروەها چاپكردنی كتێبی نوێ بۆ خوێندكاران بەپێی پێویست».
بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی درێژە بە كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی لەسەر پڕۆسەی پەروەردەو فێكردن دەداتو روونیدەكاتەوە، لە ساڵی رابردووەوە نەتوانراوە تەنانەت بە گرێبەستیش بێت مامۆستا دابمەزرێنن. ئەمە جگە لەوەی قەیرانەكە كاریگەریی هەبووە لەوەی ژینگەیەكی گونجاو بۆ مامۆستایانو خوێندكاران فەراهەم بكرێت. بەتایبەت لەبواری دابینكردنی پێداویستیو كەلوپەلی خوێندنگەكان وەكو: (كارەبای بەردەوام، ئامێرەكانی فێنككەرەوە، داتاشۆ و كۆمپیوتەرو…تد).
وتیشی: «سەرەڕای هەموو ئەو كێشانە، كەمكردنەوەو دواكەوتنی مووچەی مامۆستایانو فەرمانبەری پەروەردەكان، كاریگەری راستەوخۆی كردۆتە سەر پڕۆسەی خوێندنو پەروەردە لەكوردستاندا».
سەرچاوەی داهات بۆ پەروەردە
كەمال نوری باس لەوە دەكات، لە سنووری پەروەردەكەیان پێویستییان بە 100 بینای نوێی خوێندن هەیە(خوێندنگەی نوێ)، بۆئەوەی لەكێشەی دوو دەوامی رزگاریان بێت. ئەو دەڵێ: «ئێستا نەك دوو دەوام، بەڵكو بەشێك لە خوێندنگەكان سێ دەوامیان تێدا دەكرێت».
هەمیشە باس لەوە دەكرێت، كە وەزارەتی پەروەردە هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی نییە، جگە لەو بودجەیەی كە حكومەت بۆ ئەو سێكتەرەی تەرخان دەكات. لەوبارەیەوە، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بەنیگەرانییەوە ئاماژە بەوە دەكات، 10 ساڵ لەمەوبەر پڕۆژەی هەبووە سەبارەت بەدابینكردنی سەرچاوەی داراییو داهات بۆ وەزارەتی پەروەردەو خودی پەروەردەكان.
یەكێك لە پێشنیازەكانی كەمال نوری كە لە پێش دروستبوونی قەیرانی دارایی ئامادەی كردووە، ئەوە بووە، كە بڕێك پارە لە خوێندكارانی خوێندنی ئێوارانو باخچەی ساوایانو هەندێك لە خوێندنگەكانی تر وەربگیرێت. ئەو دەڵێ: «نزیكەی 30 خوێندنگەی ئێوارانمان هەیە كە بەشێكی زۆر لە خوێندكارەكانی خەڵكی كاسبكارو ئەفسەرو خاوەنی داهاتی بەرزبوون، دەتوانرا ساڵانە 100 دۆلار لەهەر خوێندكارێك وەربگیرایە، بۆئەوەی ببوایە بە سەرچاوەیەكی داهات بۆ وەزارەتی پەروەردە. هاوكات پێشنیازم كردبوو یاریگا وەرزشییەكانی خوێندنگەكان بە خۆڕایی بەكارنەهێنرینو بدرێن بەكرێ، بۆئەوەی خوێندنگەو پەروەردەكان سوود لە داهاتەكەی وەربگرن».
داهاتی فرۆشگەكان
ئاشكراشیكرد، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر، ئێستا وەزارەتی پەروەردە لە ئامادەكردنی پڕۆژەیەكدایە بۆئەوەی ئەو خوێندنگانەی كە شوێنی بازرگانیان هەیە سوودیان لێ ببینرێو لەگەڵ ئەوەشدا یاریگا وەرزشییەكانی خوێندنگەكان بدرێن بە كرێ.
بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی هەڵوەستەی زیاتر لەسەر ئەو پڕۆژەیەی وەزارەتی پەروەردە دەكاتو دەڵێ: «پێشنیاز كراوە ئەو خوێندنگایانەی كە شوێنو ژینگەیان گونجاو نییە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندنو ژمارەی خوێندكاریان كەمە، بەڵام دەكەوێتە جێگەیەكی بازرگانی یاخود نزیك لەبازاڕەكانەوە، بفرۆشرێن بە سەرمایەدارانو لە بەرامبەردا بینای سێ خوێندنگەی لێ دروست بكرێت».
دەربارەی داهاتی فرۆشگەی خوێندنگەكانیش، كەمال نوری روونیدەكاتەوە، بەشێك زۆر لەو داهاتە بۆ خودی خوێندنگەكانەو بەشەكەی دیكەشی دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەكانو تەواوی داهاتەكەش كە بەراورد بە پێویستییەكان زۆر كەمە، لە دابینكردنی كەلوپەل بۆ خوێندنگەكانو پێویستی پەروەردە نوێكان خەرج دەكرێت.
وتیشی: «پێشتر داهاتی ساڵانەی فرۆشگەی خوێندنگەكانی سنووری پەروەردەی رۆژئاوا نزیكەی 800 ملیۆن دینار بۆ ملیارێك دینار بووە، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە كەمی كردووە».
هاوكاری سەرمایەداران بۆ خوێندنگەكان
سەبارەت بە جێبەجێكردنی سیستمی خوێندنی ئینگلیزی بۆ قوتابخانە سەرەتاییەكان، كەمال نوری ئاماژە بەوە دەكات، لەساڵی رابردووەوە نزیكەی 50 خوێندنگە ئەو سیستمەیان جێبەجێ كردووە. وەزارەتی پەروەردە تاڕادەیەك توانیویەتی پڕۆگرامەكانی دابین بكات. بەڵام نەتوانراوە تەواوی پێداویستییەكانی دیكەی وەكو داتاشۆو كۆمپیوتەرو كەلوپەلەكانی دیكە دابین بكرێت.
ئەو دووبارە ئاماژە بەكاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی لەسەر پەروەرەدەو فێركردن دەكاتەوەو دەڵێ: «زۆركات ئیدارەی خوێندنگەكان ناچارن لەڕێگەی بزنسمانو سەرمایەدارانەوە داوای دابینكردنی هەندێك لە كەلوپەلە پێویستییەكانی خوێندنگەكان بكەن، وەك هاوكارێك بۆ پڕۆسەكە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك خوێندنگەكان داوای پارە لە خوێندكاران ناكەن، بەڵكو لەنێو دایكو باوكی خوێندكاراندا ئەنجومەنێك دروست دەكرێتو بەپێی توانا هەندێك لە پێویستییەكان دابین دەكەن».
پارەی هاندانی مامۆستایان
ئەو دێتە سەر گرفتی كەمیو نەبوونی كارەبای نیشتمانی لە خوێندنگەكانو دەڵێ: «خۆشبەختانە لە پێش قەیرانی داراییەوە، توانرا موەلیدە بۆ بەشێكی زۆر لە خوێندنگەكان بكڕدرێت، وەك بەدیلێك بۆ كارەبای نیشتمانی».
لەكۆتایی قسەكانیدا، كەمال نوری بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی زانیارییەكانی سەبارەت بە پارەی هاندانی مامۆستایان دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەكات، لیستی مامۆستایان رەوانەی گەنجینەكان كراوە بۆئەوەی بكرێن بەچەكو پارەكە دابەش بكرێت كە بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار بڕی 150 هەزار دینارەو مامۆستایانی ناوشاریش 100 هەزار دینار. چاوەڕوانیش دەكرێت لەئایندەیەكی زۆر نزیكدا پارەكە دابەش بكرێت.
وتیشی: «بەپێی زانیارییەكانمان، پارەی هاندانی مامۆستایان تا مانگی حەوتی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت».
کوردستانی نوێ