كۆمپانیایەكی بواری نەوتی روسیا رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئیمزاكردو بەپێی ناوەرۆكەكەشی كۆمپانیاكە پێشەكی پارە دەداتە هەرێم.
كۆمپانیای رۆس نەفتی روسیا كە كۆمپانیایەی بازرگانی جیهانییە لەكۆنفرانسی نەوتی و گازی هەرێمی كوردستان كە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو 2016 لە لەندەنی پایتەختی بەریتانيا بەڕێوەچوو، رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئیمزا كردوە بۆ كڕینی نەوتی هەرێم و بەپێی رێككەوتنەكەش، كۆمپانیاكە پێشەكی پارەی نەوت بەهەرێم دەدات.
ئێگۆر سێچین، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای رۆس نەفتی روسی، لەبەیاننامەیەكدا كە لەسایتی رەسمی كۆمپانیاكە بڵاوكراوەكەوە، دەڵێت: دەمانەوێت پەرە بەبازاڕی نوێی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان بدەین، ئەوەش بەپێی گرێبەستەكەمان لەگەڵ هەرێم كە لە 2017تا 2019 دەخایەنێت.
سێچین، رونیشیكردۆتەوە: كۆمپانیاكەیان نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان دەگوێزێتەوە بۆ پاڵاوگەكانیان، هەروەها كۆمپانیاكەیان پاڵاوگەی گەورەی هەیە لەئەڵمانیاو ئەوروپا.
ئەوەشخراوەتەڕوو كە رۆس نەفت لەچالاكییەكانی بەرهەمهێنان و لۆجستییەكان هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات.
ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمیش رایگەیاندوە رێككەوتنەكە دەرگایەكی نوێ دەكاتەوە لەبەردەم ئەگەرە نوێییەكان بۆ هەماهەنگی نێوان رۆس نفت و هەرێمی كوردستان.