كۆمپانیای (خلوف)ی سوریی دووبارە دەستی بە دورستكردنی ئۆتۆمبێل کردەوە


كۆمپانیای (خلوف)ی سوریی، دوای پێنج ساڵ لە راگرتنی كارەكانی، دووبارە دەستی بە دورستكردنی ئۆتۆمبێل كردەوە‌و لە ئێستاشدا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی دوو جۆر ئۆتۆمبێلی نوێیە. (ئەحمەد حمو) وەزیری پیشەسازی سوریا بە ئاژانسی (سانا)ی راگەیاندوە، كۆمپانیای خلوفی سوریی، دەستیكردۆتەوە بە دروستكردنی ئۆتۆمبێل، ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەهۆی قەیرانەكانی سوریاوە، ماوەی 5 ساڵە كارەكانی راگرتووە.

 وتیشی، ئاسانكاری تەواو دەكەن بۆ بەگەرخستنەوەی كۆمپانیا پیشەسازیەكان‌و رێگری دەكەن لە هاوردەكردنی هەر بەرهەمێكی هاوشێوە كە لەناوخۆی وڵاتدا دروست بكرێت، بۆ ئەوەی كارگەكان بتوانن بەشداریەكی كاراتریان هەبێت لە ئابووری نیشتمانیدا. 

لای خۆشیەوە (مەعاز خلوف) بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای (خلوف)ی سوریی رایگەیاندوە، بەهاوكاری كۆمپانیای (دی ئێف ئێم)ی چینی، دەستیانكردوە بە بەرهەمهێنانی دوو جۆر ئۆتۆمبێلی نوێ‌، كە بریتین لە ئۆتۆمبێلی (دی ئێف ئێم ئێس 50)‌و (دی ئێف ئێم ئەی ئێكس 7) كە كواڵیتیەكی باشیان هەیە‌و بۆ ماوەی دوو ساڵ یان 60 هەزار كیلۆمەتر گەرەنتی دەكەن. 

لەبارەی نرخی ئۆتۆمبێلەكانیشەوە وتی، نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دروستی دەكەن گونجاوە لەگەڵ گیرفانی هاوڵاتیاندا‌و كێبڕكێی ئەو ئۆتۆمبێلانەش دەكەن كە هەمان تایبەتمەندیان هەیە.