جموجوڵی‌ بازرگانی‌ نێوان هه‌رێم‌و ئێران (70%) كه‌میكردووه‌

سه‌رۆكی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ ئاشكرایده‌كات، به‌هۆی‌ كاریگه‌رییه‌كانی‌ دابه‌زینی‌ به‌های‌ تمه‌نی‌ ئێرانییه‌وه‌، ئاستی‌ هاورده‌و هه‌نارده‌كردنی‌ كاڵا بازرگانیه‌كان له‌نێوان هه‌رێم‌و ئێراندا به‌ڕێژه‌ی‌ (70%) كه‌میكردووه‌.
(سیروان محه‌مه‌د) سه‌رۆكی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ ڕایگه‌یاند، هه‌رێم سنورێكی‌ به‌رفراوانی‌ له‌گه‌ڵ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێراندا هه‌یه‌، كه‌ دوو مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌خۆده‌گرێت، ئه‌وانیش (باشماخ‌و په‌روێزخان)ن، به‌ڵام به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ به‌های‌ تمه‌نی‌ ئێرانی‌ دابه‌زیوه‌، ئاستی‌ هاورده‌و هه‌نارده‌كردنی‌ كاڵا بازرگانییه‌كان له‌نێوان هه‌رێم‌و ئێراندا به‌ڕێژه‌ی‌ (70%) كه‌میكردووه‌.
سیروان محه‌مه‌د ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، به‌هۆی‌ كاریگه‌رییه‌كانی‌ دابه‌زینی‌ به‌های‌ تمه‌ن، حكومه‌تی‌ ئێران هاورده‌كردنی‌ زیاتر له‌ (39) جۆر كاڵای‌ بۆ هه‌رێم قه‌ده‌غه‌ كردووه‌‌و (39) جۆر كاڵای‌ دیكه‌ی‌ بازرگانیش گومرگێكی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر داناون، كه‌ هاوتای‌ نرخی‌ كاڵاكانه‌‌و هه‌ندێك كاڵاش نرخی‌ گومرگكردنه‌كانیان دوو به‌رامبه‌ره‌.