قایمقامیەتی سلێمانی: دەستبەسەر سێ تەن خواردنی بەسەرچوودا گیراوە

قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانیانەوە دەست بەسەر سێ تەن خواردن و مەوادی ماوە بەسەرچوودا گیراوەو خاوەنەكانیان رووبەڕوی سزای یاسای كراونەتەوە.



لەراگەیەنراوێكدا ، قایمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنن، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا لە ئەنجامی گەڕان و بەدواداچونەكانی لیژنە هاوبەشەكان بۆ رێگریكردن لە مەوادو خواردن بەسەرچوو، دەستبەسەر زیاتر لە سێ تەن خواردنی بەسەرچوودا گیراوە.

 

ئاماژەی بەوەكردووە، لە عەلوەی سلێمانی دەستبەسەر دوو تەن زەیتونی ماوە بەسەرچوودا گیراوە، دوای پشكنین دەركەوتووە گونجاو نیە بۆ خواردن، هەروەها لە چەند شوێنێكی دیكەی سلێمانیشدا دەستبەسەر بڕێكی زۆری دیكەی خواردن و مەوادی بەسەرچوودا گیراوە  كەلە نێویاندا بڕێكی زۆر ماست هەیە.



هەموو ئەو مەوادانەی دەستی بەسەردا گیراوە لە ناوچەی تانجەرۆ لەلایەن لیژنەی لەناوبراوە.

قایمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەكات لەهەرشوێنێك گومانییان لەبوونی خواردن و مەوادی بەسەرچوو هەیە لیژنەكانی لێ ئاگادار بكەنەوە.