وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی بڵاوكردنەوەی راپۆرتی مانگانەی تایبەت بە نەوتی نابێت


وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات، لەمەودوا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی بڵاوكردنەوەی راپۆرتی مانگانەی تایبەت بە هەناردەو داهاتی نەوتی نابێت، بەڵكو لەلایەن دوو كۆمپانیای وردبینیەوە پوختەی ڕاپۆرتەكە دەخرێتە بەردەم رای گشتی.

(سەفین دزەیی) وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، چیتر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی ئەوەی نابێت راپۆرتی مانگانەو ساڵانەی تایبەت بە پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت و داهات بڵاوبكاتەوە، بەڵكو بەپێی گرێبەستێكی پێشووتری حكومەت هەردوو كۆمپانیای دیلۆیت و (ئی وای) لە ژێر چاودێری و بە ئاگاداری دیوانی چاودێری دارایی تایبەتمەند دەبن بە بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە.

سەبارەت بە دواكەوتنی راپۆرتی 2 مانگی رابردووی بڕی هەناردەو داهاتی نەوتیش وتی، هێشتا كارەكانی ئەو كۆمپانیانە تەواونەبووەو دوای پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی دەرئەنجامی وردبینی پوختەی ڕاپۆرتەكە لەلایەن ئەو دوو كۆمپانیایەوە دەخرێتە بەردەم رای گشتی.وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەمەودوا وەك لایەنی حكومی تەنها ئەركی بەڕێوەبردن وجێبەجێەكردنی لایەنی تەكنیكی پرۆسەی نەوت دەبێت و لایەنی دووەمیش چاودێر دەبێت بەسەر كارەكانی ئەو وەزارەتەو وردبینی لەو بارەیەوە دەكات.