سه‌رۆك كۆمار دكتۆر فوئاد مه‌عسوم ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه 19/2/2017 له كۆشكی سه‌لام له به‌غدا پێشوازیكرد له نێراوی تایبه‌تیی ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی روسیا، میخاییل بۆ‌گدانۆڤ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا و پێشهاته‌كانی قه‌یرانی سوریا و رێوشوێنه‌كانی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی نێوان عیراق و روسیای فیدراڵیی و فراوانكردنی هاریكاریی نێوانیان له هه‌موو بواره‌كانی سیاسیی و سه‌ربازیی و ئابوریی له‌گه‌ڵدا تاوتوێكرد به‌تایبه‌تیی وه‌به‌رهێنان و نه‌وت .
بۆ‌گدانۆڤ و وه‌فدی گه‌وره‌ی هاوڕێی، سڵاو ورێزی فه‌خامه‌تی سه‌رۆكی روسیای گه‌یاند به سه‌رۆك مه‌عسوم، به‌ڕێزیشیان له‌گه‌ڵ به‌خێرهاتنی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا، سڵاوپێزانینی زۆری خۆی نارد بۆ هاوتا روسیاییه‌كه‌ی، بایه‌خدانی عیراقی دوپاتكرده‌وه بۆ گه‌شه پێدانی په‌یوه‌ندییه تایبه‌ته‌كانی له‌گه‌ڵ روسیای فیدراڵ و ئاماژه‌یكرد بۆ مێژوه دێرینه‌كه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و كاریگه‌ریی بنیاتنه‌ری له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردو وڵات و ته‌واوی ده‌وڵه‌ت و گه‌لانی ناوچه‌كه.
سه‌رۆك مه‌عسوم بڕوای ته‌واوی خۆی ده‌ربڕی به سه‌ركه‌وتنی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی هه‌ردو گه‌لی برای سوریا و عیراق، رێزی قوڵی خۆیشی نیشاندا بۆ ئیراده‌ی گه‌لی سوریا به‌و هیوایه‌ی به‌م نزیكانه به ژیانی ئاسایی و ئۆقره‌یی و گه‌شه‌سه‌ندن شاد بێته‌وه .
سه‌رۆك كۆمار خواست و نیازی عیراقی دوپاتكرده‌وه بۆ به‌شداریی زیاتری كۆمپانیا روسییه‌كان له‌گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازیی به‌تایبه‌تیی پیشه‌سازییه‌كانی نه‌وت، داوایشیكرد ئاسانكاریی پێویست بكرێت بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی روسیا له‌عیراق و هاندانیان بۆ هێنانی شاره‌زایی مۆدێرن و پێشكه‌وتوو بۆ پشتگیریكردنی ئابوریی عیراق.
سه‌رۆك كۆمار رونیكرده‌وه، گه‌لی هه‌ردوو وڵات و گه‌لانی ناوچه‌كه و جیهان یه‌ك چاره‌نوسیان هه‌یه له‌ئاست به‌گژاچونه‌وه‌ی مه‌ترسیی تیرۆر، له‌وباره‌یه‌شه‌وه گرنگیی هاریكاریی زانیاریی و هه‌واڵگریی له‌گه‌ڵ عیراق دوپاتكرده‌وه له‌جه‌نگه‌كه‌ی دژی تیرۆر به‌و جۆره‌ی ببێته فاكته‌ری تێكشكاندنی تاقمی داعش و له‌ناوبردنی تۆڕه‌كانی و رسكه‌كانی كه به جیهاندا بڵاوبونه‌ته‌وه كه مه‌ترسییه‌كی هه‌میشه‌یی دروستكردوه و هه‌ڕه‌شه له ته‌واوی ناوچه‌كه و جیهان دروستده‌كات.
بۆ‌گدانۆڤ سوپاسی سه‌رۆك مه‌عسومی كرد بۆ بایه‌خدانی جیا و تایبه‌تیی به به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات، رونیشیكرده‌وه وه‌فدی هاوڕێی هه‌ندێك له گه‌وره بیزنیسمانه‌كانی روسیای له خۆگرتووه ، هاوكات ئاماژه‌یكرد بۆ په‌رۆشیی وڵاته‌كه‌ی كه مه‌به‌ستێتی په‌ره بدات به‌په‌یوه‌ندییه پته‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ عیراق ، ئاماده‌شه بۆ زیاتر گه‌شه پێدانیان له هه‌موو بواره‌كاندا .
ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی روسیای فیدراڵ له عیراق و ژماره‌یه‌ك له‌لێپرسراوان و راوێژكاران ئاماده‌ی دیداره‌كه بون.