دانە غاز ڕوونكردنەوەیەك لەسەر کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم‌ بڵاودەکاتەوە


كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی ناكۆكیەكانی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان‌و كەیسەكانی لە دادگای ناوبژیوانی لەندەن بڵاودەكاتەوە‌و ئاماژە بەوەش دەكات ” پرسی سەرەکی ناکۆکیەکان بریتی نیە لەخۆراگڕی و ئارامی وەک هەندێک کەس بانگەشەی بۆ دەکەن بەکو رێزنەگرتنی گرێبەستەکەیە  ئێستا بۆ دادگا ڕوون بۆتەوە كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەساڵی 2009وە بە ناحەق ڕێگری لێكردون بۆ پەرەپێدانی هەردوو كێڵگەی غازی كۆرمۆر‌و چەمچەماڵ، زیانی ئەمەش لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا لەلایەن دادگاوە بڕیاری لەسەر دەدرێت”. 

تەئكیدیش دەكاتەوە، كە هەموو داواكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش لە دژی دانەغاز‌و هاوبەشەكانی كە بە 29 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەڕەسمی‌و بەشێوەیەكی كۆتایی، لەلایەن دادگاوە ڕەتكراونەتەوە.

سەبارەت بە کۆمپانیا نەوتیەکانی تریش کە گەیشتون بەرێکەوتن لەگەڵ حکومەتی هەریم لەسەر دیاریکردنی کاتێک بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانیان، دانە غاز دەڵێت: کۆی هەموو شاهیستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیانە پێکەوە ناگاتە شاهیستە دارایەکانی ئێمە کە لە دوو ملیار دۆلار زیاترە، سەرجەم کۆمپانیا بەرهەمێنەرەکانی نەوتیش خەرجی پرۆژەکانیان بەدەستهێناوەتەو ئێستا پیان ناوەتەوە دۆخی بەستهینانی قازانجەوە بەڵام ئێمە دوای ١٠ ساڵ نەک هیچ قازانجێکمان نەکردوە بەڵکو خەرجی پرۆژەکەشمان دەست نەکەوتۆتەوە.

دانە غاز و هاوبەشەکانی ئاماژەیان بەوش کردوە: کە پرۆژەکەیان گەورەترین وەبەرهێنانە لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی غاز لە کوردستان‌و ئەو غازەی بەرهەمی دەهێنن دەبێتەهۆی بەرهەمهێنانی  ١٧٥٠ مێگاوات کارەبا بەمەش ساڵانە ٣ ملیار و  ٤٠٠ ملیۆن دۆلار پاشەکەوت دەکات بۆ بودجەی حکومەتی هەرێم کە تەرخان کرابوو بۆ هاوردەکردنی گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا.

بڕیارەکانی دادگای لەندەن بۆ ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کۆتاین و بەهیچ شێوەیەک شیاوی تێهەڵچونەوە نین، دەستەی ناوبژیوانیش لە دووی/ تەموزی/ ٢٠١٥ بڕیاری خۆی دەرکردو تیشکی خستەسەر مافی تایبەتی درێژخایەنی کۆمپانیاکان بۆ گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی غاز و نەوت لە گێلگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لایەنی کەم بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ.

دادگای ناوبژیوانی لە ٢٧/ تشرینی دووەمی/ ٢٠١٥ بریارێکی دەرکرد کە تیایدا داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات بە پێدانی یەک ملیار و ٩٨٠ ملیۆن دۆلار بەکۆمپانیاکان لە بەرامبەر فرۆشتنی نەوت و گازی شل کە دراوەتە حکومەتی هەرێم، هەروەها لە ١٣/ شوباتی/ ٢٠١٧ حکومەتی هەرێم ناچارکرا بەپێدانی ١٢١ ملیۆن و ٩٥ هەزار دۆلار بەدانە غاز و هاوبەشەکانی لەبەرامبەر فرۆشتنی نەوت و گازی شل کە بەناوی حکومەتی هەرێمەوە بارکراون لەنێوان ٣٠ / تەموزی/ ٢٠١٥ تا ٣١/ مارسی / ٢٠١٦.

لەکۆتای ڕونکردنەوەکەشدا دانا غاز دەڵێت: ئەوەی کە ماوەتەوە لەکەیسی ناوبژیوانیەکە تەنها دانیشتنێکە لە ئەیلولی ئەمساڵدا دەست پێدەکات لەسەر بڕی ئەو قەرەبوانەی کەلەلایەن کۆنسترۆم پێرڵ پترلیۆمەوە داوا دەکرێت بەهۆی دواخستنی گەشەپێدانی کێڵگەکان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە کە بە بریاری دادگا بەناحەق وەسفکراوە.