بەهۆی شەپۆلی بەفر و سەرماوە، جموجوڵی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لە مەرزی حاجی ئۆمەران ماوەی سێ رۆژە راگیراوە، بەڵام لە خاڵی سنووری باشماخ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە.
(بەختیار ئاكۆیی) رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی سەرما و بەفربارین سنووری حاجی ئۆمەرانی گرتۆتەوەو بەو هۆیەشەوە جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی حاجی ئۆمەران پەكی كەوتووەو تاوەكو ئێستاش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو خاڵە سنووریەوە دەستی پێ نەكردۆتەوە.
بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، هەرچەندە تیمەكانی راماڵین بەردەوام خەریكی پاككردنەوەی شەقامی سەرەكین، بەڵام شەپۆلەكانی بەفر بارین كاریگەریان هەبووە لەسەر وەستانی جموجوڵی بازرگانیو پێدەچێت لەڕووی ئێرانەوە پڕۆسەی پاككردنەوەی رێگا سەرەكییەكان سەختتر بێت، چونكە بەفرێكی زۆر باریوەو بۆیە جموجوڵی بازرگانی و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەستاوە.
لەسنوری پێنجوێن بەفرێكی زۆر باریووە، بەڵام رێگاكان پاككراونەتەوەو هاتووچۆی بارهەڵگرو ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەخاڵی سنووری باشماخەوە بەردەوامەو تاوەكو ئێستا رانەگیراوە.