جموجوڵی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران رادەگیرێت


بەهۆی شەپۆلی بەفر و سەرماوە، جموجوڵی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لە مەرزی حاجی ئۆمەران رادەگیرێت.

 مەغدید عەریف محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران بەئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە: ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی سەرما و بەفربارین و تەزرە و كڕێوە سنووری حاجی ئۆمەرانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەشەوە جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی حاجی ئۆمەران پەكیكەوتووە. 

وتیشی: هەرچەندە تیمەكانی راماڵین بەردەوام خەریكی پاككردنەوەی شەقامی سەرەكین، بەڵام شەپۆلەكانی بەفر بارین كاریگەریان هەبووە لەسەر وەستانی جموجوڵی بازرگانی. 

بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەشكردوە، تیمەكانیان لە پاككردنەوەی رێگاكان بەردەوامن، بەڵام پێدەچێت لەڕووی ئێرانەوە پڕۆسەی پاككردنەوەی رێگا سەرەكییەكان سەختتر بێت، چونكە زیاتر بەفر باریوە بۆیە جموجوڵی بازرگانی و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەستاوە.