لقەكانی بەنكی ناوەندی عێراق قەرزی درێژخایەن دەدەنە هاوڵاتیان و پەرلەمانتارێكی كوردیش ڕایدەگەیەنێت، بەتەواوبوونی ڕێكارەكانی كردنەوەی بەنكی ناوەندی لەهەرێم، هاوڵاتیانی هەرێمیش دەتوانن سوود لەوەرگرتنی ئەو قەرزە وەربگرن.
(مەسعود حەیدەر) ئەندامی لێژنەی دارایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە بەنكی ناوەندی دوو لق لەهەولێرو سلێمانی بكاتەوە، بەڵام تاكو ئێستا كارە ڕۆتیناتەكانی ماون و حكومەتی هەرێم و بەغداش ئامادەیی تەواویان بۆئەو مەبەستە دەربڕیوە.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، سەرجەم بەنكەكانی تری عێراق لەژێر دەسەڵاتی بەنكی ناوەندیدان، دەشڵێت: بەكردنەوەی بەنكی ناوەندی، بەنكەكانی تریش متمانەیان بەبازاڕەكانی هەرێم دەبێت.
لەبەیاننامەیەكدا بەنكی ڕەشید كە سەر بە بەنكی ناوەندی عێراقە ڕایگەیاندووە: بەمەبەستی كڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن هاوڵاتیانەوە، بڕی (30) ملیۆن دینار قەرز دەدەن و بەماوەی درێژخایەن وەریدەگرنەوە.
لەوبارەیەشەوە، (مەسعود حەیدەر) بۆ تۆڕی ئێس ئێن ئێن دەڵێت، ئەو قەرزانەی دەچێتە چوارچێوەی شەش تریلیۆنەكەی بەنكی ناوەندی كە بوارەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و خانووبەرە دەگرێتەوە بەڕێژەی (%4) سووی دەچێتە سەر، قەرزی لقەكانی تری بەنكی ناوەندیش كە ڕەشیدو ڕافدەینیش بەشێكن لەو لقانە، لەنێوان (%10 – 8) سوویان دەچێتەسەر.
ئەو پەرلەمانتارەی لێژنەی دارایی ئاشكراشیكرد، بەكردنەوەی لقی بەنكی ناوەندی لەهەولێرو سلێمانی، بەڕەچاوكردنی ڕێوشوێنەكانی سیستەمی بەنكی، هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمیش دەتوانن سوود لەوەرگرتنی سەرجەم قەرزەكان وەربگرن.