جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی حاجی ئۆمەران راگیرا


بەهۆی شەپۆلی بەفر و سەرماوە، جموجوڵی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لە مەرزی حاجی ئۆمەران راگیراوە.
 
مەغدید عەریف محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران رایگەیاند: ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێكی سەرما و بەفربارین و تەزرە و كڕێوە سنوری حاجی ئۆمەرانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەشەوە ماوەی دوو رۆژە جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی حاجی ئۆمەران پەكیكەوتووە، هەرچەندە تیمەكانی راماڵین بەردەوام خەریكی پاككردنەوەی شەقامی سەرەكین، بەڵام ئەو شەپۆلەی دوێنێ شەو دیسان كاریگەری هەبوو لەسەر وەستانی جموجوڵی بازرگانی.
 
ناوبراو بەئاژانسی ئەنادۆڵی راگه‌یاندوه‌:”لە سنوورەكەی ئێمە تیمەكان بەردەوامن، بەڵام لەڕووی ئێرانەوە پێدەچێت پڕۆسەی پاككردنەوەی رێگا سەرەكییەكان سەختتر بێت بەهۆی ئەوەی لە رووی ئێران زیاتر بەفر باریوە بۆیە جموجوڵی بازرگانی و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەستاوە”.
 
سەبارەت بە پێشبینییەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی جموجوڵی بازرگانی، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتویه‌تی “پێشبینی دەكەین رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، جموجوڵی بازرگانی دەستپێبكاتەوە ئەگەر شەپۆلی دیكەی بەفربارین ناوچەكەمان نەگرێتەوە”.
 
ئاشكراشیكردوه‌: “خۆشبەختانە تا ئێستا بەهۆی نالەباری كەشوهەوا، هیچ رووداوێكی هاتوچۆ نەبووە و تیمەكان بەردەوام شەقامە سەرەكییەكان رادەماڵن”.

بەپێی قسەی ناوبراو شەوی رابردوو نزیكەی 30 سانتیمەتر بەفر لەو ناوچەیە باریوە و لە ئێستاشدا تیمەكانی راماڵینی بەفر خەریكی پاككردنەوەی شەقامە سەرەكییەكەی حاجی ئۆمەرانن.

مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، سنووری كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و بە دووری 183 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەولێر، لە ساڵی 2008 بە شێوەیەكی فەرمیی بووەتە مەرزی نێودەوڵەتی.