تایبەت بەو جۆرە ئۆتۆمبێڵانە ھاتووچۆی سلێمانی رونكردنەوە دەدات


بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لەبارەی نوێکردنەوەی مەرجی توندی تۆڵی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ھەڵگری تابلۆی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عیراقن و ئاڕمی ھەرێمیان بۆکراوە رونكردنەوە دەدات.

ڕائیدی ھاتووچۆ کاروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی ھەڵگری تابلۆی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عیراقن و کارتی زانیاری (ئاڕم)یان لەھەرێم بۆکراوە، دەبێت مەرجی توندوتۆڵی بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان ھاوشێوەی تابلۆی پارێزگاکانی ھەرێم ئەنجامبدەن.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی وتیشی: ئەو ئاڕمەی نوێدەکرێتەوە بۆ ماوەی دوساڵە، ھەرجۆرە غەرامەیەکیش کە لەسەر ئۆتۆمبێلی تابلۆی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق تۆمارکرابێت، ئەوا غەرامەکەی لێوەردەگیرێت و دواتر مامەڵەکانی بۆ ڕایی دەکرێت و ئاڕمەکەی نوێدەکرێتەوە.

وتەبێژەکەی ھاتووچۆ ئەوەشی بۆ snn ڕونکردەوە بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانەی ھەڵگری تابلۆی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عیراقن و ئاڕمی ھەرێمیان بۆکراوە، ئەگەر ھەر کێشەیەکی یاسایی ھەبێت، ئەوا ھیچ مامەڵەیەکی لەبەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆ بۆ ئەنجامنادرێت و ئاڕمەکەشی بۆ نوێ ناکرێتەوە.