عێراق و کوەیت لیژنەیەکیان بۆ رێکخستنەوەو کارکردن لە کێڵگە نەوتییە ھاوبەشەکان پێکھێناوە

حکومەتی عێراق و کوێت لیژنەیەکیان بۆ رێکخستن و کارکردن لە کێڵگە نەوتییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات، پێکھێناوە.
 
بەپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوتی کوێت رایگەیاند: بەپێی بڕیاری ژمارە “٨٣٣”ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سنووری وشکایی و دەریایی لەنێوان کوێـت و عێراق دیاری کراوەو حکومەتی ھەردوو وڵاتیش پابەندن بە بڕیارەکە.
 
وتیشی: عێراق و کوێت لیژنەیەکی ھاوبەشیان پێکھێناوە بۆ رێکخستن و کارکردن لە کیڵگە نەوتییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات و بڕیاریشە کۆبوونەوەکانی نێوان بەغدادو کوێت سەبارەت بەم پرسە، بەردەوام بێت.
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی نەوتی کوێت لەبارەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک، رایگەیاند: وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە، بەرێژەی ٩٠% پابەند بوون بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت و پێشبینیشی کرد ئاستی کەم کردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت بۆماوەی چەند مانگی داھاتووش، بەردەوام بێت.