سامانه‌ سروشتیه‌كان: راپۆرته‌كه‌ی دانه‌ غاز چه‌واشه‌كاریه‌

له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان وه‌ڵامی كۆمپانیای دانه‌ غاز ده‌داته‌وه‌و به‌یاننامه‌كه‌ی دوێنێی دانه‌ غاز له‌باره‌ی بڕیاری دادگای له‌نده‌ن به‌ چه‌واشه‌كاری ناوده‌بات و ده‌ڵێت دانه‌ غاز ئاماژه‌ی به‌چه‌ند به‌شێكی ئه‌و بڕیاره‌ نه‌كردوه‌ كه‌له‌ دژی خۆیان بوه‌.

 ئه‌مڕۆ 15-2-2017 له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمى كوردستان ڕایگەیاند: دانە غاز لە بەیاننامەکەی دوێنێیدا ئاماژەی بە چەند بەشێکی گرنگی بڕیارەکەی دادگای لەندەن نەکردووە کە لەدژی خۆیان بووە، یەکێک لەوانە ڕەتکردنەوەی پێدانی ملیارێک و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بە دانە غاز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی غازدا لە کێڵگەی کۆر مۆردا.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، دادگای لەندەن لەکۆی ١٩ داواکاری، ١٨ داواکاری دانە غازی ڕەتکردووەتەوە ئەوەی وتووە کە هەندێک لە بەیاننامەکانی دانە غاز کە باسیان لەکاری کۆمپانیای نێودوڵەتی پیترۆلیۆم کردووە هەڵە بوون و ڕەتیکردووەتە کە هیچ تۆمەتێکی دیکە لەو بارەیەوە وەربگرێت.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی سروشتییەکاندا هاتووە، داگاکەی لەندەن ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی هەرێم مافی وەرگرتنی هەموو ئەو غازەی هەیە کە دانە غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمی دەهێنێت بەبێ زیادکردنی هیچ بڕە پارەیەکی تر بۆ کۆمپانیاکە، هاوکات کۆمپانانی دانە غاز و هاوبەشەکانیشی ناتوانن داوای پارەی زیاتر بکەن لەبەرامبەر ئەو غازەدا.

هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوەشی وتووە، دادگاکەی لەندەن تۆمەتێکی دانە غاز/کریسێنت پیترۆلیۆمی ڕەتکردووەتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم پێویستبوو بڕی سێ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بداتە کۆمپانیای ناوبراو لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی غازدا.

بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دادگاکە تۆمەتێکی تری دانە غازی ڕەتکردووەتەوە کە گوایە ناوبراو دەیتوانی زیاتر لە ٢٤ ملیۆن دۆلاری دەستبکەوێت، بەڵام بەهۆی خراپی باری دارایی کۆمپانیاکە کە حکومەتی هەرێم هۆکار بووە بۆی، نەیتوانیوە ئەو پارەیە بەدەستبخات.

ئەوەشی وتووە، بەیاننامەکەی دانە غاز چەواشەکارییە و دادگاکەی لەندەن نەیتوانیوە ئەوە بدۆزێتەوە کە دانە غاز و هاوبەشەکانی لەکاتی خۆیدا و بەباشی پڕۆژەکانیان جێبەجێ کردبێت، یان بیانوویەکی گونجاویان هەبووبێت لە دواخستنی پڕۆژەکاندا، هاوکات دادگاکە نەیتوانیوە بڕیاربدات لەسەر ئەوەی کە دواخستنی پڕۆژەکان دەچێتە بواری پێشێلکرندنی گرێبەستەکەی نێوانیانەوە یان نا.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاشیگەیاندووە، تەواوکردنی پڕۆژەی دەرهێنانی غازی شل لەلایەن کۆمپانیای دانە غازەوە چوار ساڵی پێچووە، لەکاتێکدا پێشتر کۆمپانیای ناوبراو وتبووی کە تەنها نۆ بۆ ١٠ مانگیان پێدەچێت بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە.