قائیمقامى سلێمانى رایدەگەیەنێت پێداوچونەوە بە نرخ و شێوازى خزمەتگوزارییەکانى تایبەت بە یەکەکانى نیشتەجێبووندا دەکەن و هەرچى پێویست بێت بۆ داکۆکیکردن لەمافى ئەو کەسانەى کە لە یەکەکاندا نیشتەجێن دەیکەن.
ئەمڕۆ چوار شەممە 15.2.2017، ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى لەگەڵ نوێنەرى یەکەى نیشتەجێبوونى (سایب سیتى) و لیژنەهاوبەشەکانى قائیمقامیەتدا کۆبوویەوە و هەموو ئەو کێشەو گرفتانە تاوتوێکران کە لەنێوان خاوەنى یەکەکان و بەشداربوندا بەچارەسەرنەکراوى ماوەتەوە.
قائیمقامى سلێمانى رایگەیاند بۆ چارەسەرکردنى هەموو ئەو گرفتانەى کە پەیوەستن بە دابیکردنى خزمەگوزارى لە یەکەکانى نیشتەجێبووندا هەنگاوى پێویست دەنێن و کاردەکەن بۆ یەکلاى کردنەوەى ئەو کێشانە ، ئاژماژەى بۆ ئەوەشکرد وەک هەنگاوى یەکەم بۆ چارەسەرکردنى بەشێک لەو کێشانە “لیژنەى بەدواداچونى تایبەت بە یەکەکانى نیشتەجێبوون” کە پێشتر یەکێک بووە لە لیژنە هاوبەشەوکانى قائیمقامیەتى سلێمانى دووبارە زیندووى دەکەنەوە تا ئەو کاتەش لیژنەهاوبەشەکانى راسپارد خاوەنى یەکەکان بانگ بکەن و لە نزیکەوە بەدواداچون بۆ کێشەکان بکەن.
هەر پەیوەست بە یەکەکانى نیشتەجێبوون قائیمقامى سلێمانى راشیگەیاند بڕیارە بەڕێوەبەرایەتیەکى تایبەت بە بەدواداچون بۆ کێشەو گرفتەکانى یەکەکانى نیشتەجێبوون لە سلێمانى دابمەزرێت کە ئەرکى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە تایبەت دەبێت بە بەدواداچون و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکانى یەکەکانى نیشتەجێبوون کە چاوەڕێ دەکرێت لەم رێگەیەوە بەشێکى زۆرى کێشەکان چارەسەر بکرێت .