سلێمانی:هه‌ڵمه‌تی ڕێگریكردن له‌فرۆشتنی گۆشتی سه‌رشه‌قام ده‌ستپێكرد

لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانییان بۆ رێگریكردن له‌فرۆشتنی گۆشتی سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌ستپێكردووه‌و هه‌ركه‌سێك ئه‌و كاره‌بكات رووبه‌ڕووی سزای یاسایی ده‌كه‌نه‌وه‌.



له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاندووه‌، “ئه‌و گۆشته‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌فرۆشرێت گونجاو نیه‌ بۆ خواردن”.



هه‌روه‌ها ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ڕوو، بۆ رێگریكردن له‌فرۆشتنی گۆشت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانیان ده‌ستپێكردووه‌و به‌رده‌وامده‌بێت، ئامانج له‌وه‌ش نه‌هێشتنی ئه‌و دیارده‌ “ناشارستانیه‌ و پاراستنی ژینگه‌و ته‌ندروستی هاولاَتیانه‌”.



ئاماژه‌ی به‌وه‌شكراوه‌، به‌پێی ئه‌و پشكنیینانه‌ی كردویانه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و گۆشته‌ی له‌و شوێنانه‌دا ده‌فرۆشرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گونجاونیه‌ بۆ خواردن، جگه‌ له‌وه‌ی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ و فرۆشتنی گۆشته‌كه‌ی له‌سه‌ر شه‌قام و رێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كان كارێكی رێگه‌پێنه‌دراوه‌.



قایمقامییه‌تی‌ سلێمانی‌ داوای‌ له‌هاولاَتیان كردووه‌، خۆیان به‌دوربگرن له‌كڕینی گۆشتی سه‌رشه‌قامه‌كان چونكه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی كه‌له‌و شوێنانه‌دا سه‌رده‌بڕدرێن له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌ گۆشته‌كه‌یان گونجاو نیه‌ بۆ خواردن.