قەیرانە داراییو ئابوورییەكان كاریگەرییەكی بەرچاویان لەسەر زۆربەی چینو توێژەكانی ناو كۆمەڵگە هەیە، بەتایەتیش ژنان كە توێژێكی گرنگی كۆمەڵگەن، بۆیە بەمەبەستی دەرخستنی چۆنێتیو چەندێتی كاریگەرییەكانی ئەو قەیرانە لەسەر ژنان، رێكخراوی راگەیاندنو روناكبیری ژنان بە سپۆنسەری بۆردی پایتەختی رۆشنبیری، راپرسییەكیان لە شارەكانی سلێمانیو هەولێرو گەرمیانو رانیە بۆ سەرجەم چینو تەمەنەكانی ژنان بە ناونیشانی (قەیرانی ئابووریو كاریگەریی لەسەر ژنان) ئەنجامداوە.
قەیرانی داراییو كاریگەرییەكانی لەسەر ژنان لە كوردستان
لەو راپرسییەی رێكخراوی راگەیاندنو روناكبیری ژناندا، 400 ژن لە شارەكانی سلێمانیو هەولێرو گەرمیانو رانیە بەشداربوون، كە تەمەنیان لە نێوان (20 – 60) ساڵاندایەو لە فەرمانبەرو ژنی ماڵەوە پێكهاتوونو لە دامودەزگا حكومیو ئەهلییەكاندا كار دەكەن.
لە بەشێكی راپرسیەكەدا باس لەو پێداویستییانەی ژیان دەكرێت، كە ژنان بەهۆی قەیرانی داراییو ئابوورییەوە هەوڵی كەمكردنەوەی خەرجییان داوە، هەروەها ئەو پێداویستیانەی ژیانیش كە ناتوانرێت خەرجی تیایاندا كەم بكرێتەوە.
ئەنجامی راپرسیەكە:
1- بەشداربووانی راپرسیەكە لە تەمەنی (20 – 60) ساڵیدانو زۆرینەی بەشداربووەكان لە تەمەنی (30 – 40 ) ساڵیدان.
2- زۆرینەی بەشداربووان فەرمانبەرنو تەنیا بەشداربووانی رانیە نەبێت كە (72%)یان ژنی ماڵەوەنو هاوكات زۆربەشیان هاوسەرەكانیان لە دامودەزگایەكی حكومیدا كار دەكەن.
3- بەپێی ئەنجامی راپرسیەكە، قەیرانەكان كاریگەرییان لەسەر سەرجەم ژنان هەبووە، بەڵام لەسەر ئەو ژنانەی كە لە دامودەزگا ئەهلیەكاندا كار دەكەن، كاریگەرییەكەی بە رێژەی (0%) بووە.
4- بەگشتی لەهەموو پێداویستیەكی ژیان خەرجی كەمكراوەتەوە، بەتایبەتیش ژنان لە كڕینی پێداویستییەكانی خۆیانو كەلوپەلی ناوماڵ خەرجیان كەمكردۆتەوەو بەهیچ شێوەیەكیش لە كڕینی پێداویستی میوان خەرجیان كەمنەكردۆتەوە.
* بەپێی شیكاری ئەم بەشەی راپرسیەكە، ژنان بە رێژەی (78%) لەهەموو پێداویستییەكی ژیان خەرجیان كەمكردۆتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە بە ناچاریو بەهۆی قەیرانەوە دەبێت سەرجەم خەرجیەكان كەمبكرێنەوە.
5- لەبارەی ئەو خەرجیانەی كە ناتوانرێت كەمبكرێنەوە رێژەكان جیاوازن بەم شێوەیەی خوارەوە:
* سلێمانی: (48%) پێداویستی رۆژانە، (30%) كرێی خانوو، (16%) نەخۆشی، (6%) كرێی دایەنگەو باخچەی ساوایان.
* هەولێر: (36%) نەخۆشی، (33%) پێداویستی رۆژانە، (23%) كرێی خانوو، (8%) دایەنگەو باخچەی ساوایان.
* گەرمیان: (50%) نەخۆشی، (40%) پێداویستی رۆژانە، (6%) كرێی خانوو، (4%) دایەنگەو باخچەی ساوایان.
* رانیە: (43%) پێداویستی رۆژانە، (41%) نەخۆشی، (14%) كرێی خانوو، (2%) دایەنگەو باخچەی ساوایان.
6- هاوكات لە خشتەیەكی راپرسییەكەدا، كاریگەری قەیرانەكان لەسەر پەیوەندی هاوسەرەكان بەمشێوەیە خراوەتەڕوو:
* سلێمانی: (42%) دەستەوەستانی دایكو باوك بەرامبەر منداڵ، (37%) دروستبوونی توڕەیی، (20%) لێكتێنەگەیشتن.
* هەولێر: (37%) دروستبوونی توڕەیی، (32%) لێكتێنەگەیشتن، (31%) دەستەوەستانی دایكو باوك بەرامبەر منداڵ.
* گەرمیان: (58%) دروستبوونی توڕەیی، (26%) دەستەوەستانی دایكو باوك بەرامبەر منداڵ، (16%) لێكتێنەگەیشتن.
* رانیە: (74%) دەستەوەستانی دایكو باوك بەرامبەر منداڵ، (15%) لێكتێنەگەیشتن، (11%) دروستبوونی توڕەیی.
ژنان بەم قەیرانانە توڕە دەبن
7- لەبارەی ئەو پرسیارەی كە كێ بەم قەیرانە زیاتر توڕە دەبێت؟، بەپێی ئەنجامی راپرسییەكە كەسانی دەوروبەری خێزانەكان زۆرتر توڕەبوونیان پێوە دیارە تا ئەندامانی خێزان، ئەمەش بەهۆی كاریگەری خراپی قەیرانەكان لەسەر دەروونی هاووڵاتیان، دوای كەسانی دەوروبەریش، بە پلەی دووەم ژنان بەم قەیرانانە توڕە دەبن.
* هاوكات بەپێی شیكاری ئەنجامی ئەم راپرسیەش، راگەیاندنەكان بە رێژەی (86%) راستگۆنین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لە هەر كەناڵێكی راگەیاندندا داتاكان بەشێوەیەكی جیاواز دەخرێنەڕوو، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كاریگەری نەرێنی لەسەر باری دەروونی بینەر بەجێبهێڵێت.
8- دواتر پرسیار كراوە لەبارەی رۆڵی راگەیاندنەكانو راستگۆییان لە بەدواداچوونو روماڵكردنی قەیرانەكانو لە ئەنجامیشدا بە رێژەیەكی زۆر راگەیاندنەكان راستگۆنینو ئەو بەرنامەو بەدواداچوونانەی كە ئامادەی دەكەن، جێی متمانە نین.
حكومەت بەرپرسی یەكەمی قەیرانەكانە؟
9- لە دواین داتاشدا پرسیاری ئەوە كراوە، كە كێ بەرپرسی یەكەمی قەیرانەكانە (حزبەكان یان حكومەت)؟، ئەم جارەش داتاكان بەپێی شارەكان بەشێوەیەكی جیاواز خراونەتەڕوو بەم شێوەیەی خوارەوە:
* سلێمانی: (54%) حزبەكان، (46%) حكومەت.
* هەولێر: (67%) حزبەكان، (43%) حكومەت.
* گەرمیان: (76%) حكومەت، (34%) حزبەكان.
* رانیە: (77%) حكومەت، (23%) حزبەكان.
لە شیكاری ئەم راپرسیەدا، حكومەت بە بەرپرسی یەكەمی قەیرانەكان دەزانرێت بە رێژەی (56%). بەگشتی بەپێی ئەنجامو شیكارییەكانی ئەم راپرسیە، قەیرانی دارایی سەرەڕای كاریگەرییەكانی لەسەر سەرجەم چینەكانی كۆمەڵگە، كاریگەرییەكی تایبەتی لە ژنان كردووە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی ژنان لەگەڵ ئەوەی لە دەرەوە كار دەكەنو فەرمانبەرن، هاوكات ئەركی منداڵو ماڵیشیان لەسەرەو ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر كاریگەری لەسەر دەروونی ژنان بەجێبهێڵێت.

سەرچاوە: راپرسی رێكخراوی راگەیاندنو روناكبیری ژنان