سه‌دا 80ی‌ پاره‌ی گه‌نمی‌ جوتیاران دابه‌شده‌كرێت

به‌پێی‌ بڕیارێكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كه‌دووشەممەی‌ ڕابردوو ده‌ریكردووه‌، ڕێژەی سه‌دا 80ی پارەی گەنمی جوتیارانی سەرجەم پارێزگاكان ده‌درێت و به‌وته‌ی‌ په‌رله‌ماتتارێك هه‌رێمی‌ كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌.



نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەنوسراوێكدا كەئاڕاستەی وەزارەتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵی كردووە داوایكردووە پەلەبكرێت لەخەرجكردنی ڕێژه‌ی‌ سه‌دای‌ 80ی‌  پارەی گەنمی جوتیاران.



بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  ڕایگه‌یاند، بەپێی‌ بڕیارەكە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە جوتیارانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.



له‌نوسراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ڕوو، ئەوانەی كەمامەڵەكانیان لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵییەوە تەواوكراوە ئەو رێژەیە لەپارەی گەنم-یان بۆ خەرجبكرێت و چاوەڕێی تەواوبوونی مامەڵەی ئەوانە نەكرێت كەهێشتا تەواو نەبووە.



لەبەشێكی تری نووسراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا داواكراوە، ئەو ڕێوشوێنانەی پێویستن لەوبارەیەوە بەپەلە بگیرێنەبەرو دواتر لەئەنجامەكانی ئاگاداربكرێنەوە.



ساڵانە جوتیارانی عیراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە بەشێك لەوگەنمەی بەرهەمی دەهێنن لەڕێی سایلۆكانەوە دەیفرۆشنەوە بەحكومەت، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا گرفت لەوەرگرتنی پارەی ئەو گەنمە بۆ جوتیاران دروست بووە و بەشێكی زۆری جوتیاران تائێستا پارەی گەنمی فرۆشراویان وەرنەگرتووە.



6ی كانونی یەكەمی 2016 حكومەتی عێراق بڕیاریدا پارەی گەنمی جوتیاران بەر لەكۆتایی هاتنی ئەو ساڵە خەرج بكرێت.